دیوی شاراوەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و ئێل مۆنیمێنتال شۆکت دەکات
یاریگای تۆپی پی، چێشتخانە و سەنتەری تاتۆ!

یاریگا –
یانە گەورەکانی ئەوڕوپا، یاریگاکانیان بۆ سەنتەری کات بەسەربردن و چێشتخانەی مۆدێرن و شوێنی گەشتیاری گۆڕیوە.
رۆژنامەی مارکا لە راپۆرتیکی تایبەتدا باسی لە دیوی دووەمی یاریگاکانی جیهان کردووە کە بە ئامانجی زیادکردنی سەرچاوە داراییەکانیان، یانە گەورەکان لە سەرانسەری جیهان زیاتر لە فراوانکردنی بژاردەکانی کات بەسەربردن لە دەرەوەی تۆپی پێ وەبەرهێنان دەکەن، یاریگا وەرزشییەکان بوونەتە شوێنی گەشتیاری راستەقینە بۆ ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئەوشارە دەکەن.
بۆ ئەو گەشتیارانەی ئارەزووی خواردن دەکەن، چێشتخانە و باڕ و بالکۆنەکان هەیە کە دیمەنی ناوازەیان هەیە بۆ چێژوەرگرتن. بۆ ئەوانەی زیاتر ئارەزووی شوێنەواری مێژوویی دەکەن، زۆرێک لە یاریگاکان مۆزەخانەیان هەیە کە کەسایەتییە سەرەکییەکانی یانەکە و نازناوی یانەکە پیشان دەدەن، ئەمە جگە لەوەی گەشتی رێنماییکراو پێشکەش دەکەن کە ئەزموونێکی تەواو لە شوێنەکان دابین دەکەن، وەک ژووری جلگۆڕین و گۆڕەپانی یاریگاکە.
بۆ نموونە یانەی ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، شوێنێکی ڤی ئای پی بە رووبەری 600 مەتر چوارگۆشە هەیە دەکەوێتە نهۆمی 10، خزمەتگوزاری تایبەت بە کۆمپانیاکانی هەیە کە خواردنەوەی گرانبەها و دیمەنی دڵرفێنی یاریگا و خزمەتگوزاری کەسی پێشکەش دەکات. جگە لەوەش لەو رۆژانەی کە تیپەکە یاری ناکات،یاریگاکە چێشتخانەیەکی ژاپۆنی پێشکەوتووی هەیە بە ناوی 99 سوشی بار.
لیۆ ریزۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Soccer Hospitality کە کۆمپانیایەکی تایبەتە بە ژینگە لوکسەکان دەڵێت:
“ئەمڕۆ یاریگا و گۆڕەپانەکان پێویستیان بەوەیە زیاتر بن لە تەنیا تۆپی پێ”. چێشتخانە تایبەتەکان توانای ئەوەیان هەیە ببنە شوێنی گەشتیاری راستەقینە. بیرۆکەکە ئەوەیە کە هەوادارانی ئاسایی بکرێنە کڕیاری ئاسایی و سەردانیکەری فراوانتر رابکێشرێت بە درێژایی ساڵ و پێشکەشکردنی نمایش و بۆنە و پێشبڕکێ و تەنانەت ئەزموونی خواردنیش.

چێشتخانەی جیرانیۆم کە دەکەوێتە نهۆمی هەشتەمی یاریگای پارکن لە شاری کۆپنهاگن لە دانیمارک، پێشتر لەلایەن کۆمپانیای ویلیام رید بزنس میدیای وەکوو هەڵسەنگاندی “50 باشترین چێشتخانەی جیهان”ەوە لە ساڵی 2018 وەک باشترین چێشتخانە دەستنیشانکرابوو. هاندەرانی تۆپی پێ کە سەردانی ئەم یاریگایە دەکەن دەتوانن چێژ لە ژەمێک وەربگرن.

مۆنۆمێنتال دی نونێز یاریگای ریڤەر پلێت کە گەورەترین یاریگای تۆپی پێی ئەمریکای باشوورە و توانای لەخۆگرتنی زیاتر لە 85 هەزار هاندەری هەیە، لە مانگی شوباتی 2023 کرایەوە و شوێنێکی سەرەکییە بۆ گەشتیاران کە رۆژانە سەردانی دەکەن تەنانەت لەو رۆژانەسی کە یاریی تێدا بەڕێوە ناچێت. لەم یاریگایە چێشتخانەیەک هەیە کە رووبەری 700 مەتر چوارگۆشەیە و دیمەنێکی دلرفێن و خواردنەوە و خواردنی گرانبەها پێشکەش دەکات.
ئەلیانز پارک، مۆدێرنترین یاریگا لە ئەمریکای لاتین، لەلایەن کۆمپانیای WTorre بە هاوکاری پاڵمێراس دروستکراوە و بەڕێوەدەبرێت، چەندین چێشتخانە لەخۆ دەگرێت کە چێشتلێنەری بەتوانای خواردنەکانی ژاپۆنی و ئیتاڵی لەوێ کار دەکەن. هەر لەم یاریگایە ەشێکی تایبەتی هەیە بۆ میوانە ڤی ئای پییەکان لە خزمەتگوزاری تایبەتی وەک خواردنی بێبەرامبەر لایڤ میوزیک، نانخواردن لەگەڵ یاریزانانی پێشوویان پێشکەش دەکرێت و تەنانەت ستۆدیۆیەکی تایبەت بە تاتۆی تێدایە دەتوانن لەوێ تاتۆ لەسەر جەستەیان بکەن.