بارسێلۆنا گۆڵکارێکی گەورەی کردووەتە ئامانج
دەبێتە شوێنگرەوەی لیڤاندۆڤسکی

یاریگا –
بارسێلۆنا لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ دەکات و ئەستێرەیەکی گەورەی کردووەتە ئامانج.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی خولیان ئالڤارێز، ئەستێرەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەستپێکردووە، هەرچەندە هێشتا وەرزێکی لەگەڵ یانەکە تەواو نەکردووە.
ئالڤارێز لەم وەرزەدا 27 گۆڵ و پێنج ئەسیستی بۆ تیمەکەی دیێگۆ سیمیۆنی کردووە، یەکێکە لە دیاترین یاریزانانی ئەم وەرزەی لالیگا.
هانزی فلیک، راهێنەری بارسا لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ سەردەمی دوای رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەکات و ئالڤارێز، بژاردەی یەکەمی یانە کاتالوونییەکەیە.
ئالڤارێز لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نازناوەکانی مۆندیالی 2022 و کۆپا ئەمێریکای 2024ی بەدەستهێناوە، ئالڤارێز لەگەڵ مان سیتی چەندین نازناوی دیکەی بەدەستهێنا.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، گواستنەوەی ئالڤارێز ئاسان نییە، چونکە لەڕووی داراییەوە ئاستەنگی زۆری لەبەردەمە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی چارەسەرکردنی کێشەکانی دارایی بارسا یەکلایی نەبووەتەوە.
ئایا رافینیا لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە؟
تاوەکو ئێستا رافینیا لەسەر گرێبەستی نوێی لەگەڵ بارسا رێکنەکەوتووە، دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لەم وەرزەدا و تۆمارکردنی 30 گۆڵ و 23 ئەسیست، هەمووان لە بارسا داوای مانەوەی دەکەن.
رافینیا رۆڵێکی باڵای لە بردنەوەی نازناوەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیا گێڕاوە. گرێبەستی ئێستای رافینیا لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت و یانەکانی سعوودیەش خۆیان بۆ گواستنەوەی ئامادەکردووە.
بارسا ئامادەیە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی ESPN بێت، بارسا ئامادەیە گرێبەستەکەی بۆ ماوەی ساڵێک نوێبکاتەوە و بژاردەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە بۆ ساڵێکی دیکەش لە گرێبەستە نوێیەکەدا جێگیر بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان هەمان تۆڕ، رافینیا دەیەوێت گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ نوێبکاتەوە.