بەدواداچوونی یاریگا؛ سزای یانەکانی نەورۆز و زاخۆ چۆن و کەی دەدرێن؟
چوار راپۆرت لەبارەی رووداوەکانی یارییەکە ئاڕاستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کراون

یاریگا –
چاوەڕێ دەکرێت بە زووترین کات بڕیار لەبارەی رووداوەکانی یاریی نەورۆز و زاخۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بدرێت، چوار راپۆرتی جیاواز لەبارەی یارییەکە ئاڕاستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کراون، لەوانەیە ئەو 10 خولەکەی لە یارییەکە ماوە تەواو بکرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، لەبەر ئەوەی یاریزانان و دەستەی راهێنەران و کارگێڕانی هەردوو یانە هیچ هەڵەیەکیان بەرامبەر یەکتری نەکردووە و بەشێک نەبوون لە رووداوەکان، ئەستەمە بڕیاری سەرکەوتنی لایەکیان بدرێت، کە تاوەکو خولەکی 80 هەردوولا 0-0 یەکسانبوون، لەوانەیە بڕیاری تەواوکردنی ئەو 10 خولەکەی ماوە بدرێت، بەبێ هاندەران هەردوو یانە یارییەکە تەواو بکەن.
تەندروستی سلێمانی ژمارەی قوربانیانی یارییەکەی نەورۆز و زاخۆی بڵاوکردەوە
دکتۆر بێستوون ئەکرەم، سەرپەرشتیاری یارییەکە بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’دوێنێ شەو هەرزوو داوامان لێکرا راپۆرتەکانمان لەبارەی رووداوەکانی یارییەکە ئاڕاستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بکەین، هەر دوێنێ شەو هەر سێ راپۆرتی ناوبژیوان و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری یارییەکە نێردران، سەرلەبەیانی ئەمڕۆش راپۆرتی ئەمنی یارییەکە رەوانە کراوە، پێشبینی دەکەم لێژنەی تەمبێکردن بە زووترین کات بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو یارییە بدات’.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، پێشبینی دەکرێت بە رەچاوکردنی یاسا و رێنماییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، یانەکانی نەورۆز و زاخۆ بە پێبژاردنی بڕێک پارە سزای دارایی بدرێن، بە ئەنجامدانی چەند یارییەکیش بەبێ هاندەرانیان سزا بدرێن. پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوو لێژنەی تەمبێکردن لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سزایەکان رابگەیەنێت، چونکە رۆژی شەممە گەڕی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکات، وابڕیارە رۆژی شەممە زاخۆ لە گەڕی 30ـی خولەکە لە یاریگای خۆی میوانداریی دیالا بکات، رۆژی دووشەممەش نەورۆز لە بەغدا ببێتە میوانی کەرخ.
لە دوای یارییەكە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە رێگای هەژمارە فەرمییەكانیەوە بەیاننامەیەكی توندی دەربارەی رووداوەكەی یاریگای نەورۆزی بڵاوكردەوە، لە بەیاننانەكەدا هاتووە:
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە داخ و پەشیمانییەكی زۆرەوە سەیری رووداوەكانی یاریی نێوان نەورۆز و زاخۆی كرد، كە یارییەكە لە یارییگای نەورۆز لە گەڕی 29ی خولی ئەستێرەكانی عێراق روویدا.
هیوادار بووین كە ئەو جۆش و خرۆشەی یاریگاكانمان بەردەوام بێت، هەروەها ئەو قەرەباڵغیەی كە یاریگاكانیان رازاوەتر كردووە، بەتایبەت یاریگاكانی هەرێمی كوردستان لە وەرزی رابردوو ئەم وەرزرشدا، بەڵام ئەوەی لە یاریگای نەورۆز روویدا پێشێلكردنی راستەقینەی ئەو پەیامە بەرزانەیە كە ئێمە هەوڵدەدەین لە لاكێشەی سەوزدا كاریان پێ بكەین.
ئێمە پەشیمانی خۆمان بۆ ئەو رووداوانەی روویدا دەردەبڕین، دووپاتیدەكەینەوە كە بەتوندی مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو رووداوانەی لە یاریگاكاندا روودەدەن دەكەین، بەمەبەستی رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی لە داهاتوودا، هەروەها بۆ چارەسەركردنی ئەو رووداوانەی روویاندا سەیری راپۆرتی سەرپەرشتیارانی یارییەكە دەكەین.
زاخۆ لەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بە كۆكردنەوەی 52 خاڵ لە ریزبەندی سێیەم دێت و نەورۆزیش بە 35 خاڵ لە ریزبەندی سیازدە دێت.