
یاریگا –
بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی هاندەرانی ئامادەبوو لە یارییەکەی شەوی رابردووی نێوان نەورۆز و زاخۆ لە گەڕی 29ی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یارییەکە تەواونەکرا.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی گرژییەکانی شەوی رابردووی یاریگای نەورۆزەوە، 62 هاونیشتمانی برینداربوون لە نەخۆشخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە تیمارکران.
لە بەیاننامەکەی تەندروستی سلێمانیدا هاتووە
تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا لە نزیک یاریگای نەورۆز چارەسەری پێویستی بۆ 25 بریندار کرد، هەروەها 27 بریندار بە ئەمبوڵانسەکان گواسترانەوە نەخۆشخانەی شار و 10 برینداری دیکەش لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە گەیێندرانە نەخۆشخانە.
هەرچەندە دۆخی برینداران جێگیرە، بەڵام نەشتەرگەرییەکی خێراش بۆ یەکێک لە بریندارەکان کرا، بەبێ ئەوەی تەندروستی سلێمانی جۆری نەشتەرگەرییەکە ئاشکرابکات.
تەندروستی سلێمانی دووپاتیدەکاتەوە، ئێستا تەنیا یەک بریندار لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و دۆخی جێگیرە.
لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە ئەمڕۆ دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ کۆببێتەوە و بەیاننامەیەک لەسەر رووداوەکانی شەوی رابردووی یاریگای نەورۆز بڵاوبکاتەوە.
دوای یارییەكە فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەیاننامەیەكی توندی دەربارەی رووداوەکانی یاریگای نەورۆزی بڵاوكردەوە؛
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە داخێکی گەورەوە، چاودێری رووداوەکانی یارییەکەی نێوان نەورۆز و زاخۆی کرد.
هیواخوازبووین، جۆش خرۆشی ناوازەی هاندەران لە یاریگاکانمان بەردەوامبێت، بە تایبەت لە وەرزی رابردوو و ئەم وەرزە، یاریگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بە هاندەرانەوە خەمڵێندرابوون.
ئەوەی ئەمڕۆ روویدا، پێشێلکارییەکی روونی پەیامی بەرزی ئێمەیە بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەموو حاڵەتێکی یارییەکە دەکەین.
زاخۆ لەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بە كۆكردنەوەی 52 خاڵ لە ریزبەندی سێیەم دێت و نەورۆزیش بە 35 خاڵ پلەی سێزدەمی گرتووە.