چامپیۆنزلیگگرنگترین

گۆڕانکاری نوێ؛ لە چامپیۆنزلیگ گێمی زیادکراو نامێنێت

"بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان"

Yariga App

یاریگا –

یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا بیر لە لابردنی کاتی زیادکراو لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ دەکاتەوە.

رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا گفتوگۆی هەڵوەشاندنەوەی گێمە زیادکراوەکانی لە قۆناخی دەرکردنی چامپیۆنزلیگ دەکات.

بەڵام بەگوێرەی رۆژنامە بەریتانییەکە ئەستەمە گۆڕانکارییەکە بەر لە 2027 رووبدات، چونکە ئوێفا مافی پەخشی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەی تاوەکو 2027 فرۆشتووە و هەر گۆڕانکارییەکی گەورە بکەن ئەوا دەبێت بکەوێتە دوای کۆتایی هاتنی دوایین گرێبەستی یوێفا لەگەڵ کەناڵەکاندا.

یاریزانان و یانەکان بەدەست زۆری یارییەکان دەناڵێن، ئێستا یانەکان ناچاران سێ رۆژ جارێک یارییەک بکەن. ئەمەش بووەتە هۆی شەکەت بوونی یاریزانان و رێژەی پێکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

لە ئەگەری جێبەجێکرانی بڕیارەکە، ئەگەر یارییەک لە قۆناخی کرانەدەرەوە بە یەکسانبوون کۆتایی بێت ئەوا ناچێتە کاتی زیادکراو، راستەوخۆ لێدانی یەکلاکەرەوە جێبەجێ دەکرێت و یاریزانان 30 خولەک کەمتر یاریی دەکەن.

وەرزی رابردوو لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ سێ یاریی چووە کاتی زیادکراو، لە وەرزی 2022-2023 چوار یاریی چووە کاتی زیادکراو و لە وەرزی رابردووی یۆرۆپالیگیش شەش یاریی چووە کاتی زیادکراو. بەو هۆیە سەرەڕای زۆری یارییەکان یاریزانان کاتێکی زیاتر یارییان کردووە.

هاوکات رۆژنامە بەریتانییەکە بۆ ئەو پرسە پەیوەندی بە یوێفا کردووە، لە وەڵامدا پێیان گوتراوە بابەتەکە بە شێوەیەکی نافەرمی وروژێنراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پێشنیازێکی یەکلاکەرەوەی نەخراوەتەڕوو. هەر گۆڕانکارییەکیش بکرێت دەبێت لەلایەن دەستەی بەڕێوەبردنی یوێفا پەسەند بکرێت.

دوایین گۆڕانکاری گەورەی دەستەکەش لە ساڵی 2021 بوو کە یاسای گۆڵی لە دەرەوەی یاریگا هەڵوەشاندەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button