یاریگا –
ئەنچیلۆتی پێش یاریی داهاتووی ریال مەدرید لە جامی شای ئیسپانیا پلانی یانەکەی لە مێرکاتۆی زستانە ئاشکرا دەکات و باسی شکستەکەیان لە کلاسیکۆ دەکات.
کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ دەڵێت :’لەگەڵ یانەکەمان ئێمە قسەمان لەبارەی چۆنییەتی بەرەوپێشبردن و باشترکردنی تیپەکەمان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانین باشتر کێبڕکێ و رکابەری بکەین، بەڵام وابزانم باش نییە لێرە من ناوەڕۆکی گفتوگۆیەکان ئاشکرا بکەم، لەبارەی مێرکاتۆی زستانە وەڵامی کەس نادەمەوە’.
هەروەها ئەنچیلۆتی دەشڵێت :’ئامارەکان ئەوە دەسەلمێنن چوامێنی لە دڵی بەرگری ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە، هەرکاتێک ئالابا بگەڕێتەوە یاریکردن، چوامینی دەگەڕێتەوە شوێنیت راستەقینەی خۆی، جاریک زووە بیر لەوە بکەینەوە لە بەرگری راست یاریی بکات، تەنیا دوو مانگە لەگەڵ ئێمەیە، بۆیە پێویستی بە کاتە ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە لە بەرگری راست یاریی پێبکەین’.
راهێنەرەکەی ریال مەدرید لەبارەی دۆڕانەکەیان لە جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا دەشڵێت :’یاریی کۆتایی جامی سوپەر تەنیا یارییەکی خراپ بوو، ئازارمان چەشت بەڵام یاریی کۆتایی زۆرمان بردووەتەوە، لە تۆپی پێ شتێکی باش هەیە، دەتوانیت دوای دۆڕانێک بگەڕێیەوە و بردنەوە بەدەست بهێنی’.
کارلۆ دەشڵێت :’سبەی ئاندریێ لونین سەرەکی دەبێت و کۆرتوا یاریی ناکات، ئێمباپێ پێویستی بە ماوەیەک هەبوو بۆ ئەوەی لە رووی توانای جەستەییەوە ئامادە بێت، ئێستا لەوپەڕی توانا و ئامادەییدا و پێویستە تیپەکە سوودی لێوەربگرین’.
سبەی چوارشەممە کاتژمێر 23:30 ریال مەدرید لە قۆناخی 16ـی جامی شای ئیسپانیا میوانداریی سێلتاڤیگۆ دەکات، کە دەبێتە یەکەم یاریی یانە مەدریدییەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە ساڵی نوێدا.