یاریگا –
ریال مەدرید وەکو هەڵوێستێک بەرامبەر بێبەشبوونی ڤینیسیۆو جونیۆر لە خەڵاتی باڵۆن دۆر، گەشتی پاریس ناکات و یانە مەدریدییەکە گەشتەکەی بۆ فەڕەنسا هەڵوەشاندووەتەوە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کاتێک زانیویەتی ڤینیسیۆس جونیۆر خەڵاتی باڵۆن دۆر ناباتەوە زۆر تووڕە بووە، یانەی ریال مەدرید بڕوایان وایە دەبێ پێوەرەکانی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر ئاشکرا بکرێت، ئەوە روونە یوێفا و باڵۆن دۆر رێز لە ریال مەدرید ناگرن.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، لە ریال مەدرید بڕوایان وایە ئەگەر خەڵاتەکە بە ڤینیش نەدرێت، دەبێت باڵۆن دۆر بە دانی کارڤاخال بدرێت، کە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و چامپیۆنزلیگ و لالیگای بەدەستهێناوە و وەرزێکی نایابی بەڕێکردووە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، پێشتر وابڕیاربوو فلۆرێنتینۆ پێرێز و کارلۆ ئەنچیلۆتی و جود بێڵینگهام و ڤینیسیۆس جونیۆر لە رێوڕەسمەکە ئامادەبن، بەڵام فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕیاریداوە بایکۆتی رێوڕەسمەکە بکات، تەنانەت ئیمیلیانۆ بوتراگینیۆ بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە سەرەتا وابڕیاربوو گەشتی پاریس بکات و ئامادەی رێوڕەسمەکە بێت، بەڵام دواتر پێرێز بڕیاریدا بە تەواوەتی بایکۆتی ئەو رێوڕەسمە بکات و هیچ کەسێک لە یانەکە ناچێتە پاریس.
رۆژنامەی ئاس راشیگەیاندووە، ریال مەدرید ئامادە نییە لە شوێنێک ئامادە بێت، رێزی لێ نەگیرێت، بۆیە بە تەواوەتی بایکۆتی رێوڕەسمی باڵۆن دۆری 2024 دەکات.
ساڵی رابردوو لیۆنێل مێسی بۆ جاری هەشتەم خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا و ئەوکاتیش کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە چاودێران بڕوایان وابوو لیۆ شایستەی خەڵاتەکە نەبوو.
یەکەم ساڵە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا هاوبەشی فڕانس فوتبۆڵ و لیکیپ دەکات بۆ ئەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر دابەش بکرێت، کە 100 رۆژنامەنووس لە 100 وڵاتی جیاواز بۆ خەڵاتی باڵۆن دۆر دەنگ دەدەن.