لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە زەوڕا هاتە دەنگ
یاریگا –
لێژنەی ئۆڵێمپی عێراقی پابەندی خۆی بە بڕیارەکەی ناوەندی چارەسەرکردن و ناوبژیوانی وەرزشی عێراق دەربڕی و دەستەی کارگێڕی پێشووی یانەی زەوڕا دەستبەکار دەبێتەوە.
عەقیل موفتن سەرۆکی لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق لە بەیاننامەیەکیدا لەبارەی بڕیارەکەی ناوەندی چارەسەرکردن و ناوبژیوانی وەرزشی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستەی کارگێڕی کاتی یانەی زەوڕا رایگەیاندووە، بڕیارەکە دەسەڵات بە دەستەی کارگێڕی کاتی یانەی زەوڕا نادات و دووپاتیکردووەتەوە، ئەوان لەسەر رێکارە یاساییەکانیان بۆ رێکخستنەوەی کارگێڕی یانەی زەوڕا و یانەکانی دیکە بەردەوام دەبن.
لە یەکەم کاردانەوەشیدا، فەڵاح حەسەن سەرۆکی یانەی زەوڕا رایگەیاند :’لە یەکەم ساتەوە ئێمە لە رووی یاساییبوونی خۆمان دڵنیابووین، پەیوەندییەکی باشیشمان لەگەڵ لێژنەی ئۆڵێمی هەیە، سەرەڕای هەموو ئەو رووداوانەی روویدا هێشتا پەیوەندییەکانمان باشن’.
هەروەها سەرۆکی یانەی زەوڕا گوتیشی :’ئێمە لە سەرەتاوە متمانەی تەواومان بە دامەزراوە یاساییەکان هەبووە و سوپاس بۆ خودا لە کۆتاییدا یاسا بڕیارە دروستەکەی دا، ئێمە بەهیچ شیوەیەک بە کاردانەوە کار ناکەین، بەڵکو پێویستە وێنە و ناوبانگی یانەی زەوڕا بپارێزین’.
دەستەی لادراو بە سەرۆکایەتی فەلاح حەسەن، جارێکی دیکە دەسەڵاتی نەورەسەکان دەگرنەوە دەست، دوای ئەوەی ناوەندی چارەسەرکردن و ناوبژیوانی سەر بە دادگای باڵای فیدڕاڵی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستەی نوێی یانەکەی دەرکرد.
پێشتر نووسینگەی جێبەجێکاری لیژنەی ئۆڵێمپی نیشتمانی عێراقی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستەی کارگێڕی دەرکردبوو و دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی یانەکەی دەستنیشانکردبوو.