ئه‌ڵمانیائۆڵێمپیادی پاریسگرنگترین

ئه‌ڵمانیا له‌ ماوه‌ی 32 ساڵی رابردوو خراپترین به‌شداریكردنی له‌ ئۆڵێمپیاد هه‌بوو

Yariga App

یاریگا –

ئەڵمانیا له‌ ئۆڵێمپیادی پاریس بە 12 مێدالیای زێڕ و 33 میدالیای گشتی بە پلەی ده‌یەم کۆتایی به‌ ئۆلێمپیاد هێنا، ئەمەش خراپترین ئه‌نجامه‌ لە دوای یەکگرتنەوەی وڵاتەکە لە ساڵی 1990

هەرچەندە ئەڵمانیا به‌به‌راود به‌ ئۆڵێمپیادی تۆكیۆ دوو میدالیای زێڕی زیاتری بەدەستهێناوە، بەڵام له‌ كۆی گشتی 33 مێدالیای بردۆته‌وه‌، كه‌ چوار مێدالیای کەمترە به‌ به‌راورد به‌ ئۆلێمپیادی رابردوو.

هەروەها له‌ ریزبه‌ندیش له‌ پلەی دەیەم بوو، له‌ كاتێكدا له‌ ئۆلێمپیادی تۆكیۆ پله‌ی نۆیه‌می به‌ده‌ستهێنا، له‌ ئۆلێمپیادی 2008 و 2012 و 2016 ئەڵمانیا هەمیشە لە ریزبەندی گشتی مێدالیاکاندا لە ریزی شەش وڵاتی سەرەکیدا بوو.

سەرکەوتووترین وەرزش بۆ ئەڵمانیا لە پاریس، سوارچاکی بوو، کە ئەڵمانیا پێنج مێدالیای بەدەستهێنا، لەنێویاندا چوار میدالیای زێڕ بوو، هەروەها وەرزشی کەشتیوانی کە شەش مێدالیای بەدەستهێنا، لەنێویاندا دوو میدالیای زێڕ بوو.

وەرزشوانانی ئەڵمانیا لە وەرزشەکانی دیكه‌ی وه‌ك وەک شمشێربازی و زۆرانبازی و نیشانه‌شكێنی، نه‌یانتوانی هیچ مێدالیایه‌ك ببه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی سه‌رسورمانی بوو.

هەروەها ئەنجامی پاسکیلسواری ئەڵمانیا لەچاو چاوەڕوانییەکان زۆر کەمتر بوو، تەنها دوو مێدالیایان به‌ده‌ستهێنا.

لە یەکەم بەشداریکردنیدا دوای یەکگرتنەوەی وڵاتەکەی لە بارسێلۆنا لە ساڵی 1992، ئەڵمانیا 33 میدالیای زێڕ و کۆی گشتی 82 مێدالیای بەدەستهێنا.

تۆماس وایکرت، سەرۆکی فیدراسیۆنی وەرزشی ئۆڵێمپی ئەڵمانیا لە لێدوانێکدا بۆ كه‌ناڵی  ZDF رایگەیاند، پێویستە لەسەر چەند ئاستێک بڕیارێک بدرێت و پێویستمان بە راهێنەری زیاتر و بوودجه‌ی زیاتره‌، ئێمه‌ شكستمان له‌ ئۆلێمپیادی پاریس تۆماركردووه‌.

بابەتی زیاتر

Back to top button