بەفەرمی ریال مەدرید گرێبەستی ئەستێرەیەکی دیکەی نوێکردەوە

یاریگا –
بەفەرمی یانەی ریال مەدرید گرێبەستی لوکاس ڤاسکێسی ئیسپانی نوێکردەوە.
ماڵپەڕی فەرمی ریال مەدرید بڵاویکردووەتەوە، لوکاس ڤاسکێس گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە تا هاوینی 2025 نوێکردووەتەوە و لوکاس بۆ وەرزێکی دیکە لەگەڵ لۆس بلانکۆس بەردەوامدەبێت.
لەم هاوینە ناچۆ فێرناندێز یانەکەی جێهێشت، لێنی یۆرۆش کە ئامانجێکی سەرەکی یانەکەبوو بڕیاریدا پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد بکات، بۆیە مێرێنگی بڕیاریدا گرێبەستی ڤاسکێس نوێبکاتەوە و کار بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی مێندیش دەکات.
Comunicado Oficial: renovación de Lucas Vázquez.#LucasVázquez2025 | #RealMadrid
— Real Madrid C.F. (@realmadrid) July 18, 2024
لوکاسی تەمەن 33 ساڵان لە 2011 تا 2014 یاری بۆ تیپی لاوانی ریال مەدرید کردووە، لە وەرزی 2014/2015 بەشێوەی خواستن یاری بۆ ئیسپانیۆل کردووە، دواتر گەڕاوەتەوە یانەکە و 10 وەرزی لەسەر یەکە یاری بۆ تیپی یەکەمی ریال مەدرید دەکات.
بەدرێسی تیپی یەکەم وەک بەرگریکاری باڵی راست و هێرشبەری باڵی راست یاریی کردووە، لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداری 349 یاریی کردووە، 36 گۆڵی کردووە و 65 گۆڵی دروستکردووە.
5 نازناوی چامپیۆنزلیگ، 4 نازناوی لالیگا، 3 نازناوی جامی جیهانی یانەکان، 3 نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا، 4 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا و نازناوێکی جامی شای ئیسپانیای لەگەڵ مێڕێنگی بەدەستهێناوە.