یاریگا-
لێژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق تیروپشکی خولی لاوانی عێراق ڕاکێشا و یانەکان دابەش کران بە سەر چوار کۆمەڵەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە ( 27ـی حوزەیران/یۆنیۆی 2024) تیروپشکی قۆناخی کۆتایی خولی لاوانی عێراق راکێشرا، لەم قۆناخەدا 16 یانە دابەش کراون بەسەر چوار کۆمەڵە و بۆ هەر کۆمەڵەیەکیش چوار یانە لە خۆدەگرێت، یارییەکان بە یەک قۆناخ بەڕێوەدەچن و هەر یانەیەکیش سێ یاری دەکات، لاوانی هەولێر کەوتە کۆمەڵەیەکی قورس و بەرامبەر هەریەک لە یانەکانی قوەی جەوی و ئەمانەی بەغدا و مینا کە پاڵەوانی وەرزی رابردووە یاری دەکات.
کۆمەڵەی یەکەم ( بەحری ، نەفت ، زەوڕا ، زاخۆ )
کۆمەڵەی دووەم ( شوڕتە ، نەورۆز ، کەربەلا ، نەفتی بەسڕە )
کۆمەڵەی سێیەم ( هەولێر ، ئەمانەی بەغدا ، مینا ، قوەی جەوی )
کۆمەڵەی چوارەم ( قاسم ، نەجەف ، پێشمەرگەی سلێمانی ، حدود )
چوار یانەی کوردی بەشدارن لە خولەکە و هەر یەکەیان لە کۆمەڵەیەک یاری دەکەن، خاوەن پلەی یەکەمی هەر کۆمەڵەیەکیش راستەوخۆ سەردەکەوێت بۆ یاری پێش کۆتایی خولەکە، سەرجەم یارییەکانی هەر چوار کۆمەڵە بە شێوەی گردبوونەوە لە هەولێر و سلێمانی بەڕێوەدەچێت و هەر شارەیان میوانداری دوو کۆمەڵەی خولەکە دەکات.