ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

بارسێلۆنا ئەستێرەیەکی ئینگلتەرا دەگوازێتەوە

تەنیا ماوە لەسەر بەهای گواستنەوە رێکبکەون

Yariga App

یاریگا –

مانچێستەر یونایتد بڕیاری کۆتایی لەسەر جەیدن سانچۆ داوە و پێشکەشی بارسێلۆنای کردووە.

ئێریک تێن هاخ، راهێنەری مانچێستەر یونایتد بڕیاریداوە دەستبەرداری سانچۆ ببێت، ئەمەش دوای ئەوەی وەرزی رابردوو بە خواستن یاری بۆ بۆڕووسیا دۆرتموند کرد. دوای دروستبوونی ناکۆکی قووڵ لە نێوان تێن هاخ و یاریزانە ئینگلیزییەکە.

گومانێکی زۆر لەسەر مانەوەی تێن هاخ لە مان یونایتد هەبوو، ئەمەش کاریگەری لەسەر داهاتووی سانچۆ دروستکردبوو، بەڵام ئێستا هەموو ئاماژەکان باس لە مانەوەی تێن هاخ دەکەن، بۆیە چارەنووسی سانچۆ لە ئۆڵدترافۆرد یەکلاییبووەتەوە.

رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، مان یونایتد ئامادەیە بەبڕی 60 ملیۆن یۆرۆ دەستبەداری سانچۆ ببێت، لە چەند رۆژی رابردووشدا، نوێنەرانی یانە ئینگلیزییەکە، یاریزانەکەیان پێشکەشی بارسا کردووە، بەڵام پێناچێت بارسا توانای گواستنەوەی هەبێت و رەنگە بە خواستن کەیسەکە یەکلاییبکاتەوە.

رۆژنامەکە ئاشکرای دەکات، دوو مانگ بەر لە ئێستا، نوێنەرانی بارسا و مان یونایتد لەسەر چارەنووسی سانچۆ گفتوگۆیان کردووە. بەڵام یانە کاتالونییەکە ئامادەنییە بڕی پارەی داواکراو دابین بکات.

یانەکانی بۆڕووسیا دۆرتموند و یوڤێنتوس بۆ گواستنەوەی سانچۆ لەسەرهێڵن، بەڵام بەرزی بەهای گواستنەوەی، کێشەی سەرەکی بۆ یانەکان دروستکردووە.

هانسی فلیک، راهێنەری نوێی بارسا دەیەوێت گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە پێکهاتەی بلوگرانادا بکات. هەر زوو داوای گواستنەوەی لویس دیاز، یاریزانی لیڤەرپوول و نیکۆ ویڵیامس، یاریزانی ئاتلێتیک بیلباوی کردووە.

فلیک دەزانێت، بۆ گواستنەوەی یاریزانی نوێ، دەبێ دەستبەداری چەند یاریزانێک ببێت، ناوی رافینیا لە سەرووی لیستەکە دێت، تاوەکو پارە بۆ گواستنەوەکانی دیکە دابین بکات و سنووری مووچەی لالیگا نەبەزێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button