دیلمان رۆکان لە رێگای تۆڕی وەرزشی یاریگاوە داهاتووی خۆی ئاشکرا دەکات
یاریگا –
دیلمان رۆکان هێرشبەری سیروانی نوێ وازهێنانی خۆی لە یانەکە ڕاگەیاند و ئامانجی داهاتووشی یاریکردنە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
هێرشبەرەکەی پێشووی سیروانی نوێ دەڵێت تەنها لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر ئاسودەبووم و دەستەی کارگێڕی و ڕاهێنەری یانەکە ڕاستگۆ بوون لەگەڵم، وەرزشی کوردستان تامو چێژی جارانی لە دەستداوە ئەمەش زۆربەی بۆ دەستەی کارگێڕی یانەکان دەگەڕێتەوە، دەربارەی وازهێنانیشی لە سیروانی نوێ دیلمان تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا گوتی:
لە سەرەتای وەرزەوە لەگەڵ دەستەی نوێی ڕاهێنەرانی یانەکە هەستم بە نا ئاسودەیی دەکرد چونکە لە سەرەتاوە دژایەتی من و کۆمەڵێ یاریزانیان دەکرد، چونکە ئێمە وەرزی پێشووتر هۆکاری مانەوەی یانەکە بووین لە ڕیزی نایاب بۆیە ئەم وەرزە داوای زیاد کردنی مووچەکانمان کرد بەڵام ڕازی نەبوون، بۆیە دەتوانم بڵێم ناخۆشترین ساتی وەرزشیم وەرزی ڕابردوو بوو لەگەڵ سیروانی نوێ.
ئامانجی داهاتووی دیلمان یاریکردنە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
دەربارەی ئامانج و داهاتووی خۆی وە ئەو گرێبەستانەی پێشکەشی کراوە دیلمان رۆکان زیاتر گوتی: چوار بۆ پێنج گرێبەستم لە یانەکانی کوردستان پێگەیشتووە، بەڵام من ئێستا ترسم لە یانەکانی کوردستان هەیە چونکە بەڵێنی ناڕاست بە یاریزان دەدەن ئەمەش وادەکات یاریزان بە دوای خۆشەویستی یانە نەگەڕێت و تەنها بیر لەوە بکاتەوە کام یانە پارەی زیاتری پێبدات یاری بۆ ئەو یانەیە بکات.
ئامانجی داهاتووشم بە دڵنیایی یەوە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێت ئێستا گفتوگۆی نا فەرمی لە نێوان من و یانەی دهۆک هەیە، ئارەزوو دەکەم لە یەکێک لەو چوار یانە کوردیە یاری بکەم کە بەشدارن لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق.
دیلمان رۆکان لە وەرزی ڕابردووی خولی نایابی کوردستان توانی شەش گۆڵ بۆ سیروانی نوێ تۆمار بکات و یانەکەشی لە ڕیزبەندی پێنجەم کۆتایی بە خولەکە هێنا.