خەونی یانەی سەنگەسەر بۆ وەرزی داهاتوو دواخرا

ئەمڕۆ بە فەرمی کۆتایی بە خولی پلە دووی کوردستان هات و شاری هەولێر نوێنەرێکی دەبێت بۆ وەرزی داهاووی خولی پلە یەکی کوردستان.
چوارشەممە 22\5\2024 لە شاری هەولێر و تایبەت لە یاریگای یانەی هەندرێن، یاری دەستنیشانکردنی پلەی دووەمی خولی پلە دووی کوردستان و سەرکەوتن بۆ ڕیزی پلە یەکی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو بەڕێوە چوو، یانەی زانکۆی جیهان دوای شکستەکەی بەرامبەر یانەی کفری لە یاری دەستنیشانکردنی پاڵەوان ڕووبەڕووی یانەی سەنگەسەر بوویەوە کە ئەویش پێشووتر دوای سەرکەوتنی بە سەر یانەی بەردەڕەش گەیشتبووە ئەم قۆناغە، جەماوەرێکی زۆری یانەی سەنگەسەر ئەمڕۆ هانی تیپەکەیان دەدا بۆ ئەوەی خەونەکەیان بەدی بێنن بەڵام دواجار یاریەکەیان بە ئەنجامی 2 _ 1 دۆڕاند و یانەی زانکۆی جیهان پلەی دووەمی خولی پلە دووی بەدەستهێنا و لە هەمان کاتیشدا سەرکەوت بۆ ڕیزی خولی پلە یەکی کوردستان بۆ وەرزی 2024_2025 بەمەش یانەکە دەبێتە تاکە نوێنەری شاری هەولێر لە خولی پلەیەکی کوردستان.
هەفتەی ڕابردوو یانەی کفری دوای سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی زانکۆی جیهان سەرکەوت بۆ ڕیزی پلەیەکی کوردستان و لە هەمان کاتیشدا بووە پاڵەوانی خولی پلە دووی کوردستان بۆ وەرزی 2023_2024.