لیڤاندۆڤسکی لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە
یاریگا –
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندی یانەی بارسێلۆنا، وەرزی داهاتوو لەم تیپەدا بەردەوام دەبێت.
لیڤاندۆڤسکی وەرزی رابردوو ئەستێرەی سەرەکی تیپەکەی بوو و رۆڵێکی گرنگی لە پاڵەوانێتی لالیگای بارسێلۆنا هەبوو، بەڵام لە سەرەتای ئەم وەرزەدا کاریگەری دابەزینی بەکۆمەڵی تیپەکەی لەسەر بوو و نەیتوانی درەوشاوەیی وەرزی رابردوو دووبارە بکاتەوە.
بەڵام باشتربوونی بارودۆخ و ئاستی تیپی بارسا لە چەند هەفتەی رابردوودا بووە هۆی ئەوەی ئاستەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش بچێت و جارێکی دیکە بە درێسی ئەم تیپە گۆڵکردنی خۆی دەستپێکردەوە و رۆڵی رزگارکەری لە زۆرێک لە یارییەکانی رابردووی بارسادا گێڕا.
پێشتر چەند میدیایەکی ئیسپانیا بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە ئەگەری ئەوە هەیە ئەم ئەستێرە پۆڵەندییە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بارسا بەجێبهێڵێت و رەنگە پارەی یانەکانی سعودیە وا لە بەڕێوەبەرانی ئەم یانەیە بکات رەزامەندبن لەسەر فرۆشتنی ئەستێرەکەیان.
بەڵام کادناسێر لە راپۆرتێکدا رایگەیاند کە هەردوو لایەن یاریزانەکەو و بەڕێوبەرانی بارسا و چاڤی بەنیازن بەردەوام بن لەم هاوکارییە، گومانی تێدا نییە وەرزی داهاتوو لە بارسێلۆنا بەردەوام دەبێت.
لیڤا وەرزی رابردوو بە کردنی 23 گۆڵ بووە گۆڵکاری لالیگا و بارسێلۆنا بە کۆکردنەوەی 88 خاڵ نازناوەکەی بەدەست هێنا.