هەولێر و سۆران جەنگی مانەوە دەکەن و پێشمەرگەی هەولێریش چاوی لە برایەتیە

بڕیارە سبەی پێنج شەممە 4/4/2024 گەڕی 28ـی خولی نایابی کوردستان بە بەڕێوەچوونی سەرجەم یارییەکانی لە یەکاتدا ئەنجامبدرێت.
خولی نایابی کوردستان تا دێت یارییەکانی گرینگتر و چارەنوسساز تر دەبن بۆ زۆربەی یانەکان بە هۆی ئەوە هێشتا 10 یانە هەڕەشەی دابەزینیان لە سەرە بۆ خولی پلە یەک و سێ یانەش کێبڕکێی بەدەستهێنانی ناسناو دەکەن، یانەی هەولێر لە یاریگای خۆی میوانداری یانەی سۆران دەکات، هەولێر 31 خاڵی هەیە لە پلەی سێزدەمە و یانەی سۆرانیش بە 27 خاڵ لە کۆتا ڕیزبەندی خولەکەیە بۆیە یارییەکی تەواو چارەنوسسازە بۆ یانەی سۆران و گرینگیشە بۆ یانەی هەولێر، شکستی یانەی سۆران واتە دابەزین و شکستی یانەی هەولێریش هاکێشەکە ئاڵۆز دەکات و نزیک دەبێتەوە لە دابەزین، لە شەقڵاوەش هەر دوو یانەی شەقڵاوە و دهۆک ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، یانەی شەقڵاوە بە 30 خاڵ لە ڕیزبەندی پازدەمە و دهۆکیش 33 خاڵی هەیە و لە پلەی دەیەم دێت، یارییەکە بۆ هەر دوو یانە چارەنوسسازە تایبەت یانەی شەقڵاوە بە هۆی ئەوەی لە ناوچەی دابەزینە و لە بەردەم هاندەرانی خۆشی یاری دەکات.
لە شاری هەولێر و تایبەت لە یاریگای برایەتی، یانەی ئاکرێ خاوەن پلەی یەکەم لە ئەرکێکی قوڕسدا دەبێتە میوانی یانەی برایەتی خاوەن پلەی دوانزەم بە 32 خاڵ، برایەتی لە یاریگای خۆی یاری دەکات و پێویستی بە سەرکەوتنە بۆ ئەوەی لە ناوچەی مەترسی دابەزین دوور بکەوێتەوە، یانەی ئاکرێش نزیکە لەوەی ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان و بە سەرکەوتن لەم یاریەدا هەنگاوێکی باش دەهاوێژێت بۆ بردنی ناسناوەکە بۆیە چاوەڕوانی یارییەکی بەهێز دەکرێت لە نێوان هەر دوو یانەدا.
یانەی پێشمەرگەی هەولێریش کە تەنها دوو خاڵ لە دوای یانەی ئاکرێی خاوەن پلەی یەکەمە، لە شاری سلێمانی دەبێتە میوانی یانەی سیروانی نوێ، پێشمەرگەی هەولێر جگە لە هەوڵدان بۆ سەرکەوتن لە یاریەکەی خۆی هیوایەکی بە یانەی برایەتیش هەڵچنیوە بۆ ئەوەی یاریەکە لە یانەی ئاکرێ بباتەوە و سەرووی ڕیزبەندی پێشکەش بە یانەی پێشمەرگەی هەولێر بکات.
یانەی شێروانەی خاوەن پلەی سێیەم بە هیوایەکی کەمەوە بۆ بردنی ناسناوەکە میوانداری یانەی سەید سادق دەکات، شێروانە چوار خاڵ لە یانەی ئاکرێ دوورە و تاڕڕادەیەک کێبڕکێ کەی لە دەستداوە بەڵام یاریەکەش ئاسان نیە چونکە یانەی سەید سادق لە دابەزین نزیکە و تەنها 32 خاڵی هەیە و لە پلەی یانزەم دێت.
خشتە و ڕیزبەندی سەرجەم یارییەکانی گەڕی 28ـی خولی نایابی کوردستان.