لە خولی نایابی کوردستاندا یانەی چوارقوڕنە و ڕانیە دەیانەوێ هاندەرانیان ئاشت بکەنەوە

ئەمڕۆ هەینی 15\3\2024 گەڕی بیست و پێنجی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات و کەتیایدا چەندین یاری گرینگ و بەهێز بەڕێوە دەچن.
یانەی ڕانیە دوای دوو شکست بەدوای یەک لە نێو یاریگا و بەردەم هاندەرانی خۆیدا میوانداری یانەی ئاڕاڕات دەکات، یانەی ڕانیە بە 33 خال لە پلەی پێنجەمە و یانەی ئاڕاڕاتیش بە 27 خاڵ لە پلەی پازدەم و پێش کۆتایی خولەکە دێت، یانەی شێروانە کە بە 41 خاڵ و جیاوازی گۆڵ لە ڕیزبەندی دووەمی خولەکەیە لە نێو یاریگای خۆی میوانداری یانەی شەقڵاوە دەکات کە 26 خاڵی هەیە و لە پلەی کۆتایی خولی نایابی کوردستان دێت، هەر دوو یانە پێویستیان بە سەرکەوتنە شێروانە بۆ بەردەوامیدان لە سەر کێبڕکێی نازناوەکە و شەقڵاوەش بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕیزبەندی کۆتایی خولەکە.
یانەی هەندرێن لە یاریگای خۆی ڕووبەڕووی یانەی سیروانی نوێ دەبێتەوە، هەندرێن بە 32 خاڵ لە پلەی شەشەمە و یانەی سیروانی نوێش لە ڕیزبەندی چوارەمە بە 36 خاڵ و ڕەنگە دوا دەرفەتی نوێنەرەکەی شاری سلێمانی بێت بۆ ئەوەی لە پلەکانی پێشەوە نزیک بێتەوە و بچێتە کێبڕکێی نازناوەکە.
دوای 10 یاری لە سەرنەکەوتن و گەڕانەوەی ڕاهێنەری پێشووی تیپەکە ڕەمزی ساڵح، یانەی چوارقوڕنە لە بەردەم هاندەرانی خۆیدا ڕووبەڕووی یانەی برایەتی دەبێتەوە، هەر دوو یانە هەوڵی خۆ ڕزگار کردن دەدەن لە پلەکانی دواوە کە یانەی چوارقوڕنە لە پلەی دەیەمە بە 30 خاڵ و یانەی برایەتیش بە 28 خاڵ لە ڕیزبەندی یازدەمی خولی نایابی کوردستان دێت.