گواردیۆلا داوای لێبوردن لە فیڵ فۆدن دەکات
یاریگا-پیپ گواردیۆلا راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی داوای لێبوردنی لە فیڵ فۆدنی یاریزانی یانەکەی کرد بەهۆی کەمی خولەکەکانی یاریکردن.
فۆدن بە یەکێک لە یاریزانە لاوە بەتواناکانی سیتی و ئینگلتەرا دادەنرێت بەڵام زۆر بە کەمی لە پلانەکانی یاریکردنی راهێنەرە ئیسپانییەکەدایە. ناوبراو لە یارییەکەی شەوی رابردوودا بەرامبەر دینامۆ زاگریب لە خولەکی٩١ دا هێنرایە نێو یاریگا و لە خولەکی ٩٤دا گۆڵی دووەمی سیتی تۆمارکرد.
گواردیۆلا وتی “ئەو شایستەی ئەوەیە یاری بکات و دەمەوێت خولەکی زیاتری پێبدەم، هەر کاتێکیش یاری پێناکەم رووبەروو داوای لێبوردنی لێدەکەم. بەڵام کێڤن دی بروین، رۆدری، بێرناردۆ سیلڤا، گوندۆگان مان هەیە و دووبارە زۆر داوای لێبوردنی لێ دەکەم. دەشزانم باشترین شێوە بۆ گەشەکردنی یاریزانێک یاریکردنە”.
فۆدن جگە لە چوار خولەکەکەی شەوی رابردوو، لە پریمەرلیگیشدا لەم وەرزە تەنها ١٠ خولەک بەشداربووە.