رۆناڵدۆ هاوڕێیەکی نزیکی لە ڤایادۆلید دوورخستەوە

رۆناڵدۆ نازاریۆی بەڕازیلی خاوەنی یانەی ڤایادۆلید جولیۆ باپتیستای هاوڕێی نزیک و راهێنەری تیمی دووهەمی یانەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
باپتیستای یاریزانی پێشووی ریاڵ مەدرید و ئارسناڵ و هەڵبژاردەی بەڕازیل، لەلایەن رۆناڵدۆوە پۆستی راهێنەرایەتی تیمی دووهەمی ڤایادۆلیدی پێدرابوو
باپتیستا پاش شکستی ئەم هەفتەیەی یانەکەی رەخنەی توندی لە بەڕێوبەرانی یانەکە گرت و وتی
تا کاتژمێرێک پێش یارییەکە خۆشم نازانم رێگەم دەدەن چ یاریزانێک یاری پێبکەم. من تەنها دەتوانم ئەوە بکەم کە ئەوان پێم دەڵێن. شێوازی بەڕێوەبردنی یانەکە وەکو پێویست نیە
هێندەی نەبرد دوای ئەو لێدوانە، ڤایادۆلید بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و سوپاسی باپتیستایان کرد بۆ خزمەتەکانی و رایانگەیاند ناوبراو لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.
باپتیستا لە 2017 ـەوە لە کارگێڕی یانەکەدا رۆڵی هەبووە و دواتر لەلایەن رۆناڵدۆوە کرا بە راهێنەری تیمی دووهەم. رۆناڵدۆ لە 2018دا رێژەی 51٪ی پشکەکانی یانەکەی کڕییەوە. وەرزی رابردووش تیمی یەکەمی ڤایادۆلید دابەزی بۆ پلە دووی ئیسپانیا.