ئەمڕۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 1/11/2023 بە ئەنجامدانی چوار یاری، خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی 2023 _ 2024 دەستپێبکات.
جیاواز لە وەرزی ڕابردوو ئەمڕۆ بەبەشداری 16 یانە خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات، پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو کە یانەی پێشمەرگەی هەولێرە، لە تاقیکردنەوەیەکی قورسدا لە دەرەوەی یاریگای خۆی ڕووبەڕووی یانەی هەندرێن دەبێتەوە، هەر دوو یانە بۆ وەرزی ئەمساڵ بە شێوەیەکی باش و ئەنجامدانی گرێبەستی ئاستبەرز خۆیان بۆ خولەکە ئامادەکردووە، لە یاریگای شەقڵاوە بە ناوبژیوانیەتی ئەگەرموحسین یانەی شەقڵاوە میوانداری یانەی برایەتی دەکات، شەقڵاوە سەرەڕای کێشەی دارایی قوڵ و درەنگ خۆ ئامادەکردنی بەڵام دوو یاریزانی پیشەگەری هێناوە و بەشێکی زۆریش لە یاریزانەکانی وەرزی ڕابردوو لە یانەکە ماونەتەوە و پێکهاتەیەکی مام ناوەندی دروست کردووە بە ڕاهێنەرایەتی مستەفابابازادەی ئێرانی، یانەی برایەتیش جیاواز لە وەرزی ڕابردوو بە ئەنجامدانی چەند گرێبەستێکی باش ئامانجیان کێبڕکێ کردنی پلەکانی پێشەوەی ڕیزبەندیە.
میوانە تازەکەی خولی نایابی کوردستان، یانەی ڕانیە لە یەکەم یاری خۆیدا لەنێو خاک و جەماوەری خۆی بەرامبەر یانەی دەربەندیخان یاری دەکات، ڕانیە بۆ یەکەمجارە سەردەکەوێت بۆ ڕیزی نایابی کوردستان و پاڵپشت بە هاندەرە تایبەتەکانی ئامانجیان وەرگرتنی سێ خاڵە لە یانەی میوان، دەربەندیخان بە ڕاهێنەرایەتی هۆگرعەبدوڵا بە شێوەیەکی تاڕادەیەک باش خۆیان بۆ وەرزی نوێی خولەکە ئامادەکردووە و مەبەستیانە ژمارەیەکی قورس بن لە خولەکە، یانەی زاخۆ لە یاریگای دووەمی خۆی بەرامبەر یانەی ئاکرێ یاری دەکات، زاخۆ بە چەند یاریزانێکی لاو ئەمساڵ بەشداری خولەکەی کردووە و یانەی ئاکرێش گرێبەستێکی زۆری ئەنجامداوە و دەیانەوێت ڕکابەرێکی باشی پلەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی بن.
یارییەکانی سبەی پێنج شەممە 2/11/2023
چوارقوڕنە × هەولێر
شێروانە × سۆران
ئاڕاڕات × سیروانی نوێ
سەیدسادق × دهۆك
سەرجەم یارییەکانیش لە کاتژمێر 2:30ـی خولەکی دوای نیوەڕۆ بەڕێوە دەچن.