پاریس سانجێرمان ئەمشەو یارییەکی چارەنووساز ئەنجام دەدات
یاریگا –
یارییەکەی ئەمشەوی پاریس سانجێرمان و رێنس یارییەکی گرنگە بۆ پاریسییەکان و بەتایبەت بۆ لویس ئێنریکێ.
ئەمشەو کاتژمێر 21:45 لە یاریگای رۆژۆن پارک، یانەی رێن و پاریس سانجێرمان رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. پاریس سانجێرمان لە دەستپێکی وەرزەوە بە بارودۆخێکی باشدا تێنەپەڕیوە و ئەمەش لە دوایین ئەنجامەکانی تیپەکە دەردەکەوێت.
یاریزانانی لویس ئێنریکێ ئەمشەو لەم یارییەدا دوای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگدا تووشی شکستێکی قورس بوون بەرامبەر نیوکاسڵ بە ئەنجامی 4-1 ئامادە دەبن.
سەرەڕای جیابوونەوەی لیۆنێل مێسی و نێیمار لە پاریسیەکان، وا بیردەکرایەوە کە یانەکە سەرەتایەکی ئومێدبەخش دەست پێدەکات لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ، بەڵام بۆ راهێنەرە ئیسپانییەکە کە هێشتا نەگەیشتووەتە نیوەی وەرز هەموو شتێک گۆڕاوە بۆ سیناریۆیەکی ئاڵۆز.
پاریس سانجێرمان چیتر یانەیەکی باڵادەست و پلە یەک نییە لە فەرەنسا. لەم رۆژانەدا دەنگۆی نا وەرزشی لە دەوری ئێمباپێ و چەند یاریزانێکی تری پاریس درووست بووە.
هەر لە تۆمەتبارکردنی ئێمباپێ بە بەشداریکردنی لە ئاهەنگێکی شەوانە لە پاریس، تا دەگاتە راندڵ کۆلۆ مووانی، ئەشرەف حەکیمی، لاڤین کورزاوا و عوسمان دێمبلی بەهۆی گوتە و دروشمی توندوتیژیانە لە یاری کلاسیکۆی فەرەنسا لە بەرامبەر مارسیلیا.
رێنس کە لە ریزبەندى شەشەم بە سەرۆکایەتى برۆنۆ جینێسیۆ لە لیگ وەن دێت، تازە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە نانتێسى بردووەتەوە، دەیەوێت زۆرترین سوود لەو دۆخە وەربگرێت کە یانە پاریسیەکە تێیدایە. ماوەتەوە بزانین ئەمشەو ئێنریکێ و خوێندکارەکانی لەم یارییە رزگاریان دەبێت یاخود نا.