
یاریگا –
راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان ئاشكرایانكرد، لوكا مۆدریچی كرواتی و ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی گەشتێك بۆ بلگرادی پایتەختی سڕبیا دەكات بەهیوای زوو چارەسەركردنی لە پێكانەكەی.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا مۆدریچ لە ئەژنۆیدا تووشی پێكان بوو بەهۆیەوە نەیتوانی لە یاری پێشووی ریال بەرامبەر ئەلمیریا بەشداری بكات.
هەواڵەكان باس لەوە دەكەن كە لۆكیتا بەهۆی پێكانەكەیەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە یاریگاكان دووردەكەوێتەوە و بەهۆیەوە ناتوانێت لە یاری كۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئۆساسۆنا و هەروەها لە یاری چوونی قۆناخی پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر مانچێستەر سیتی بەشداری بكات.
بەپێی زانیاریەكانی تۆڕی ریلیڤیۆ مۆدریچ سەردانی پزیشكی سڕبی ماریانا كۆڤاسیڤیچ كردووە و بەدوای چارەسەرێكی خێرادا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە یاریە چارەنووسساز و یەكلاكەرەوەكەی ئەم وەرزەی یانەكەیدا بەشداری بكات.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، دوای پشكنینی ورد بۆ پێكانەكەی مۆدریچ دەركەوتووە بۆ گەڕانەوەی پێوویستی بە چوار هەفتە هەیە و هیوادارە لە رێگەی ئەو سەردانەوە ماوەكەی بۆ كەمتر لە دوو هەفتە كەم بكاتەوە.
هەمان سەرچاوە ئاشكرایكردووە كە ئەو پزیشكەی مۆدریچ سەردانی كردووە بە ”پزیشكی موعجیزە” بە ناوبانگە و پێشتر چەندین یاریزان و وەرزشەوان سەردانیان كردووە گرنگترینیان كریستیانۆ رۆناڵدۆ ، فرانك لامپارد، دیێگۆ كۆستا، ئەلێكسیس سانچێز ، واین رۆنی و نۆڤاك جۆكۆڤیچ.
یانە شاهانەكە لە ریزبەندی دووەمی خولی ئیسپانیا دێت و لە یاری كۆتایی جامی شای ئیسپانیاشدایە و لە قۆناخی پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش یاری دەكات و كێبڕكێی بەدەستهێنانی سێ نازناو دەكات لەم وەرزەدا.