یاریگا –
پاش ئەوەی لێدانی سزای گۆڵ نەکرد، میلیک پەیامێک بۆ هاندەرانی یوڤێ دەنێرێت.
دوێنێ یەکشەممە لە میانی یارییەکانی گەڕی 32ـی سێریا ئەی، یوڤێنتوس لە یارییەکی گرینگ بووە میوانی بۆڵۆنیا، کە یارییەکە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی گۆڵێک بۆ هەر لایەک کۆتایی هات.
بۆڵۆنیا لە خولەکی 10ـی یارییەکە لە رێگەی ریکاردۆ ئۆرسیلینی بەلێدانی سزا گۆڵی پێشکەوتنی کرد، لە خولەکی 32 یارییەکە لێدانێکی سزا بۆ یوڤێش هەژمارکرا بەڵام ئارکادیوس میلیک لەدەستیدا و گۆڵی نەکرد.
دواتر و لە خولەکی 61ـی یارییەکە میلیک توانی قەرەبووی لێدانە سزایەکە بکاتەوە و گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یوڤێنتوس کرد و یارییەکەش هەر بەو ئەنجامە کۆتایی هات، یوڤێ هەلی چوونە ریزبەندی دووەمی خولەکەی لەدەستدا.
پاش یارییەکەش یاریزانەکە کەوتە بەر شاڵاوێکی رەخنەی تەنز ئامێز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی شێوازی جێبەجێکردنی لێدانە سزایەکەی.
یاریزانە پۆڵەندییەکە بەهۆی لەدەستدانی لێدانە سزایەکەی هەرزوو لە هەژماری ئینستاگرامەکەی پەیامێکی بۆ هاندەران یوڤێنتوس نارد و نوسیویەتی:
دەکرێت هەڵە بکەیت بەڵام گرنگ ئەوەیە هەرگیز خۆت بەدەستەوە نەدەیت، لەسەر رێگەیەکی درووستین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، فۆڕزا یوڤێ
پاش بەڕێوەچوونی 32 گەڕی خولەکە یوڤێ بە کۆکردنەوەی 60 خاڵ و بە جیاوازی خاڵێک لەدوای لازیۆ پلەی سێیەمی گرتووە.