رەنگە ئەمڕۆ یەکەم پاڵەوانی ئەم وەرزەی ئەورووپا یەکلاببێتەوە

دەکرێت ئەمڕۆ ناپۆلی بەفەرمی ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵی و ئاهەنگەکانیش لە ئێستاوە لە ناپلس دەستییان پێکردووە.
کاتژمێر ٤:٠٠ ناپۆلی میوانداری سالێرنیتانا دەکات بەر لەوەش لازیۆی خاوەن پلەی دووەم کاتژمێر ١:٣٠ خولەک رووبەرووی ئینتەرمیلان دەبێتەوە. لە باری دۆڕانی لازیۆ و بردنەوەی ناپۆلی راستەوخۆ تیمەکەی ئۆزیمن و کڤارا دەبنە پاڵەوانی ئەم وەرزە.
زیاد لە ٣٠ ساڵە ناپۆلی نەبووەتە پاڵەوانی کاڵچیۆ بەڵام دەکرێت ئەمڕۆ ببنە یەکەم یانە لەم وەرزەی خولە دیارەکانی ئەورووپا کە ناسناوەکە یەکلابکەنەوە. کۆتا جار، دیێگۆ ئەرماندۆ ماڕادۆنا ئەو یانەیەی کردە پاڵەوان ئێستاش یاریگاکەیان بەناوی ئەو ئەفسانەوەیە و تێیدا ئاهەنگی کۆتایی هێنان بە حوکمی یۆڤی ، ئینتەر و میلان دەگێڕدرێت.
لە ساڵی ٢٠٠١ ـەوە هیچ یانەیەک جگە لەو سێ یانەیە نەیانتوانیوە ببنە پاڵەوان، ئەوکات رۆما ئەنجامیدا و بەر لەوانیش لە ٢٠٠٠دا لازیۆ ناسناوەکەی بەرزکردەوە لەم وەرزەشدا دوای ٢٣ ساڵ جارێکی تر یانەیەکی بەدەر لە سێ زەبەلاحەکە دەبێتە پاڵەوان.
ئاهەنگ گێڕان لە شاری ناپلس دەستی پێکردووە و کار گەیشتووەتە ئەوەی، هێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی چونکە بەگوێرەی نوسراوێکی فەرمی ئیتاڵیا چاوەڕوانی کۆبوونەوەی گەورە، یاری ئاگرینی مەترسیدار و رووداوی ئاژاوەگێڕی و ئاگرکەوتنەوەی لێبکەوێتەوە.