یاریگا –
بۆ یاری لوتکەی ئەم هەفتەیەی لالیگا بارسێلۆنا دوو یاریزانی گرنگی بۆ گەڕایەوە.
رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە میانی یارییەکانی گەڕی 30ـی لالیگا بارسێلۆنا لە یاریگای خۆی لە یارییەکی بەهێز و لوتکە میوانداری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.
بارسا خۆی بۆ یەکێک لە یارییە گرنگەکانی وەرز ئامادە دەکات، بردنەوەی ئەم یارییە بۆ یانە کەتەلۆنییەکە گرینگییەکی زۆری هەیە، چونکە یانەکە لە 4 یاری رابردوو تامی بردنەوەی نەکردوو.
لە ئەگەری شکست هێنانی بارسا لەم یارییە و بردنەوەی ریال مەدرید لە یارییەکەی خۆیدا، جیاوازی نێوان هەردوو یانە کەم دەبێتەوە بۆ 8 خاڵ، بۆیە بارسا تەواوی هەوڵی خۆی دەدات تا سێ خاڵی یارییەکە مسۆگەر بکات.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، کە هەریەکە لە یاریزانان پێدری و فرانکی دی یۆنگ لە پێکانەکانیان چاکبوونەتەوە، بەو پێیەی بەشداری مەشقەکانی رۆژی دووشەممەیان کردووە، ئەگەری هەیە لە یارییەکەی ئاتلێتیکۆ بە شێوەی سەرەکی یاری بکەن.
هەروەها عوسمان دیمبێلی سێیەم رۆژە بەدوای یەک بەشداری مەشقەکانی یانەکەی کردووە، بەڵام یاریکردنی بە شێوەی سەرەکی لەو یارییەدا جێگەی گومانە.
ئەگەر پێدری و دی یۆنگ لە دۆخێکی باشدابن، گاڤی دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی خۆی، لە لای چەپی هیڵی ناوەڕاست یاری دەکات و سێرجیۆ بۆسکێتسیش لە ناوەڕاست دەبێت.
گەڕانەوەی ئەو دوو یاریزانە لەم کاتە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکە بەوپێیەی تیپەکەی لەم وەرزە بەدەست زنجیرەیەک پێکانی یەک لەدوای یەک دەناڵێنێت.