یاریگا –
شکستی یانەی نەسر لە گەڕی 25ی خولی پیشەگەری سعودی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بەرامبەر بە هیلال میوانداری، قەیرانێکی گەورەی لە وەرزشی وڵاتەکەدا دروست کردووە.
گرنگترین بەشی یارییەکە توڕەیی کریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و کاپتنی یانەی نەسرە، کە بە بڕە پارەیەکی لەڕادەبەدەر و بە گرێبەستێکی 220 ملیۆن یۆرۆی رووی لە سعودیە کرد، بووەتە ڕووخساری یەکەمی خولەکە.
کریستیانۆ لە یارییەکەی دوێنێ بە ماندووبوون و بە سۆزەوە بەدوای سەرکەوتنی تیپەکەیدا دەگەڕا، بەڵام دوای ئەوەی نەیتوانی ئەو کارە بکات، بە هەڵسوکەوتێکی تەواو ناوەرزشییەوە یاریگای بەجێهێشت.
یاریزانە پۆرتوگالییەکە لەکاتی جێهێشتنی یاریگا و لەکاتێکدا هاندەرانی هیلال گاڵتەیان پێدەکرد، جوڵەیەکی کرد کە هەمووانی تووشی شۆک کرد.
پێشتریش لە خولی سعودیە حەسەن کیتای یاریزانی گانایی کارێکی هاوشێوەی کردبوو، بە هۆی ئەو هەڵسوکەوتەی لە خولەکە دەرکرا.
دوای ئەو رووداوە شازادە سوڵتان بن فەهد بن عەبدولعەزیز، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی سعودیە، بڕیاری پەسەندکردنی راسپاردەکانی لیژنەی پیشەگەری عەرەبستانی سعودیای دا و گرێبەستی ئەم یاریزانە پێشووەی یانەی ئیتیحادی هەڵوەشاندەوە و لە خولەکە دەرکرا.
دوای هەڵسوکەوتە نەشیاوەکەی شەوی رابردووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی سعودیە، کە هاندەری تیپەکانی وەک ئەلئیتیحاد و هیلالن، داوایان لە لیژنەی تەمبێکاری و رەوشتی وڵاتەکە دەکەن هاوشێوەی کیتا سزای ئەستێرە پورتوگالیەکە بدەن.
لەلای خۆیەوە فەیسەڵ ئەبوثنەین یاریزانی پێشووی یانەی هیلال لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: یەکێتی تۆپی پێی سعودیە بەم کارە شەرمەزارییە لە مەترسیدایە. خولی سعودیە ویستی تایبەتی خۆی هەیە و دەیەوێت لەسەر ئاستی جیهانی دەربکەوێت و ئەستێرە نێودەوڵەتییەکان بۆ خۆی ڕابکێشێت بەجۆرێک، کە ئەوان زیاتر خولەکە بەرەو پێش ببەن نەک ئەم هەڵسوکەوتە شەرمەزارکەرە بکەن.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئایە یاساکە بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەکرێت، بەبێ گوێدانە ناوبانگیان؟
الاتحاد السعودي على المحك امام هذا الفعل المعيب فالدوري السعودي طموحه المنافسة على مستوى العالم وجلب نجوم عالميين يضيفون له المتعة والإثارة وليس التصرفات المشينة والسلوكيات الفاضحة..!
فهل تطغى المجاملة على تطبيق النظام والقانون على المتجاوزين أيا كانت شهرتهم..؟ https://t.co/NN0dGI55wM— فيصل ابوثنين (@FaisalAbuthnain) April 19, 2023
بێگومان گرێبەستە گرانبەهاکەی ئەسترە پۆرتوگالییەکە هۆکارێک دەبێت تا لەم سزایە دوورربێت، بەڵام خولی تۆپی پێی سعودیە بە بڕیاری سەیر و سەمەرەش ناسراوە و بەدووری نازانرێت شتێکی باوەڕپێنەکراو ڕووبدات.