یاریگا –
یۆرگن کڵۆپ، بردنەوەی لیڤەرپوول 6-1 بەرامبەر لیدز یونایتد، بە باشترین ئەنجام و ئاستی ئەم وەرزەی تیمەکەی دادەنێت.
کڵۆپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە، یانەکەی هەموو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەدات. راهێنەرە ئەڵمانییەکە لە دوای یارییەکە رایگەیاند
پێم وایە، ئەم یارییە لە هەموو روویەکەوە باشترین یاری ئەم وەرزەمانە. وامان لێکردن زۆر هەڵە بکەن و توانیمان گۆڵی زۆر بکەین و بەردەوام فشارمان لەو یانەیە کرد. بەڕاستی ئەمە باشترین یاریمان بووە لە ماوەی رابردوودا. بە درێژایی یارییەکە کۆنتڕۆڵ لەدەست ئێمەدا بوو.
لیڤەرپوول بە جیاوازی 9 خاڵ لە دواوەی نیوکاسڵی خاوەن پلەی چوارەم دێت، کڵۆپ لەبارەی بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، رایگەیاند
ئەوان دەتوانن هەموو یارییەکان ببەنەوە و ئێمەش دەتوانین تەواوی یارییەکان ببەینەوە، هیچ هەلێک بۆ گۆڕانکاری نامێنێت. پێویستە یارییەکی باش بکەین، ئەگەر ئەمە بکەین، ئەنجامی باش بەدەستدەهێنین و بزانین لە کۆتاییدا ریزبەندەکە چی بەسەر دێت.
لیڤەرپوول لەم وەرزەدا بە ئەنجامی 9-0 لە بۆرنمسی بردەوە و 7-1 لە رێنجەرز و هەروەها 7-0 لە مانچێستەر یونایتد، ئەمەش هێزی تەکتیکی هێرشبردنی لیڤەرپوولی دیارکردووە.