ئیمۆبیڵ و شۆفێری شەمەندەفەرەکە یەکتر تۆمەتبار دەکەن
دوێنێ چیرۆ ئیمۆبیڵی ئەستێرەی لازیۆ تووشی رووداوێکی هاتووچۆ هات و ئەمڕۆش هەردوولا یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە هۆکاری رووداوەکە.
ئیمۆبیڵ بە ئۆتۆمبێلە رەینج رۆڤەرەکەی خۆی کێشاوە بە شەمەندەفەرێکی ترام. بەگوێرەی فوتبۆڵ ئیتاڵیا، ئیمۆبیڵ دەڵێت ترافیکەکە سەوز بووە و شەمەندەفەرەکە نەوەستاوە، لە بەرامبەردا، شۆفێری شەمەندەفەرەکە دەڵێت نەخێر، لای من سەوز بووە و ئەو نەوەستاوە.
پاش ئەوە، هێرشبەرەکەی لازیۆ لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام، بەیاننامەیەکی بەناوی پارێزەرەکەیەوە بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە
هزر و بیری چیرۆ ئیمۆبیڵ لای دوو کچەکەیەتی و نیگەرانە لەوەی روویداوە، هەروەها لای شۆفێری ترامەکەیە و هیوای زوو چاک بوونەوەی بۆ دەخوازێت. خۆشحاڵین کەس تووشی برینداربوونی قورس نەبوون و ئاگاداری ئەوەیە کە بەشێوەیەکی یاسایی ئۆتۆمبێلەکەی لێخووڕیەوە و متمانەی تەواوی بە دەسەڵاتەکان هەیە کە لێکۆڵینەوە بکەن و بڕیارێکی دروست بدەن.
ئیمۆبیڵ بەهۆی رووداوەکە پەراسوویەکی شکاوە و تووشی هەژانی مێشکیش بووە، چاوەڕواندەکرێت نزیکەی دوو هەفتە داببڕێت لە یاریگاکان.