هاری كەین بایرن میونشن رەتدەكاتەوە و لە پرێمەرلیگ دەمێنێتەوە
یاریگا –
راپۆرتە رۆژنامەوانیەكانی ئینگلتەرا ئاشكرایانكرد هاری كەین ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی تۆتنهام هۆتسبێرزی ئینگلیزی بایرن میونشن رەتدەكاتەوە و دەیەوێت لە پرێمەرلیگ بمێنێتەوە.
بایرن میونشن دەیەوێت تواناكانی هاری كەین بەدەستبهێنێت بۆ پتەوكردنی هێڵی هێرشبردنی یانەكەی.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەی میرەر ـی ئینگلیزی هاری كەین بیرۆكەی پەیوەندیكردنی بە بایرن میونشنەوە رەتكردووەتەوە و دەیەوێت لە پرێمەرلیگ درێژە بە یاریكردن بدات.
هەمان سەرچاوە ئاشكرایكردووە، هێرشبەرە ئینگلیزیەكە دەیەوێت پەیوەندی بە ریزەكانی مانچێستەر یونایتد بكات و شەیتانە سوورەكانیش لە هەوڵی بەدەستهێنانیدایە.
گرێبەستەكەی شازادە هاری لەگەڵ سپێرز لە هاوینی ساڵی 2024 بەسەردەچێت و نرخی ئێستای یاریزانەكە لە بازاڕدا بە پێی ترانسفەرماركێت 90 ملیۆن یۆرۆیە.
ئێریك تین هاخ راهێنەری شەیتانە سوورەكان دەیەوێت لە گواستنەوەكانی هاوینی داهاتوودا هێرشبەرێكی پلە بەرز بگوازێتەوە یانەكەی و یانە باڤارییەكەش دەیەوێت جێگرەوەیەك بۆ رۆبەرت لیڤاندۆڤسكی گۆڵكاری یانەكەی بدۆزێتەوە دوای ئەوەی لە هاوینی رابردوودا پەیوەندی بە بارسێلۆناوە كرد.
رۆژنامەكە ئەوەشی خستووەتە روو، هاری كەین گۆڵكاری مێژووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و تۆتنهامە، تەنیا 54 گۆڵی دیكەی ماوە تا ببێتە گۆڵكاری مێژووی پرێمەرلیگ، بە كردنی 206 گۆڵ لە پلەی سێیەمدایە و لە دوای ئالان شیرەری پێشەنگەوەیە كە خاوەنی 260 گۆڵە.