یاریگا –
ئەلیساندرۆ دێل پیێرۆ وەڵامی دەنگۆی گەڕانەوەی بۆ یانەی یوڤێنتۆس دەداتەوە.
میدیا ئیتاڵییەکان بەردەوام دەنگۆ ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە دێل پیێرۆ کاندیدی سەرەکییە بۆ بوون بە جێگری سەرۆکی یانەی یوڤێنتۆس پاش دەستلەکار کێشانەوەی بۆرد و سەرۆکی پێشووی یانەکە.
لە ماوەی رابردوو ڕۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرت بڵاویکردبوویەوە کە جیانلوکا فێرێرۆی سەرۆکی نوێی خانمە پیرەکە دەیەوێت دێل پیێرۆ وەک جێگری سەرۆک دەستبەکار بێت لە جێگای پاڤێل نێدڤێد.
پێگەی 90MIN بڵاویکردووەتەوە، کە ئەفسانەکەی یوڤێ لە نوێترین لێدوانی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە و دەڵێت:
دەنگۆی زۆر هەیە، نامەوێت بڵێم بەڵێ یان نەخێر، بەڵام بێگومان دڵم لەوێیە، 19 ساڵ یاریم بۆ ئەو یانەیە کردووە، پێش ئەوەیش یاریزانی یانەکە بم هاندەرێکی سەرسەختی بووم.
ئەلیساندرۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:
من بە قەیرانی ساڵی 2006 تێپەڕیوم، دەزانم دووبارە بنیادنانەوەی تیپێک چەند قورسە، ساڵانێکی زۆری ویست تا گەڕاینەوە ناو ڕکابەرییەکان و بەدەستهێنانی ناسناو، بەڵام هەرگیز پەشیمان نەبووم لە بژاردەکەم.
دێل لە وەڵامی ئەوەی کە ئایە حەزەدەکات بگەڕێتەوە یوڤێ یاخود نا گوتی:
ئەو بابەتە پەیوەستە بە زۆر شت ناکرێت تەنیا بیر لە خۆم و بەرژەوەندی خۆم بکەمەوە، دەبێت بەرژەوەندی یانەکە لەپێش هەمووان بێت.
دێل پیێرۆ بە گەورەترین ئەفسانەی یوڤێ دادەنرێت، کە گۆڵکاری مێژووی یانەکەیە بە تۆمارکردنی 290 گۆڵ لە 705 یارییدا، لە ساڵی 1996ـیش توانی نازناوی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ خانمە پیرەکە بەدەستبهێنێت.