پاریس سان جێرمان دوو یاریزانی یانەكەی بۆ فرۆشتن داناوە
یاریگا –
یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی یەكەم دوو یاریزانی دەستنیشانكر بۆ ئەوەی لە گواستنەوەكانی هاوینی داهاتوودا ریزەكانی یانەكەیان جێبهێڵن بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی تووشی یانەكە بووە.
یانە فەڕەنسیەكە رەنگە تووشی سزای دارایی ببێتەوە بەهۆی بەرزی موچەی یاریزانەكانیەوە و پێشێلكردنی یاسای یاری خاوێن هەر بۆیە دەیەوێت لە چەند یاریزانێكی رزگاری ببێت.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەی سپۆرت یانە فەڕەنسیەكە دوو یاریزانی دیاریكردووە بۆ ئەوەی لە گواستنەوەكانی هاوینی داهاتوودا یانەكە جێبهێڵن.
هەمان سەرچاوە ئاشكرایكردووە یانە زەبەلاحەكەی فەڕەنسا یەكلایی بووەتەوە لە فرۆشتنی هەردوو یاریزانی ئیسپانی كارلۆس سۆلێر و فابیان رویز لە ئەگەری هاتنی ئۆفەرێكی گونجاو بۆ هەردووكیان لە گواستنەوەكانی هاوینی داهاتوودا.
رۆژنامە ئیسپانیەكە ئەوەشی خستووەتە روو، دوو یاریزانە ئیسپانیەكە سەركەوتوو نەبوون لە پێشكەشكردنی ئاستی راستەقینەی خۆیان لەگەڵ یانەكە هەر بۆیە پاریس جێدەهێڵن.
لە گواستنەوەكانی هاوینی رابردوودا سۆلێر لە ڤالینسیای ئیسپانی و فابیان رویز لە ناپۆلی ئیتاڵیەوە پەیوەندیان بە پاریسەوە كرد.