زانیاری نوێ سەبارەت بە گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا
یاریگا –
راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان زانیاری نوێیان سەبارەت بە داهاتووی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی بڵاوكردەوە.
گرێبەستەكەی مێسی لەگە پاریس سان جێرمان لە هاوینی ئەمساڵدا بەسەردەچێت و تا ئێستا بڕیاری لەسەر داهاتووی خۆی نەداوە.
پێگەی The Athletic زانیاری نوێی سەبارەت بە گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا بڵاوكردووەتەوە.
پۆل باڵوس رۆژنامەنووس لە تۆڕی زە ئەتلەتیك لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكردووە، سەرچاوەیەك لە ژووری خۆگۆڕینی بارسێلۆنا رایگەیاندووە:
– ئێمە شێت بووین بۆ گەڕانەوەی مێسی، هەرچی لە تواناماندا بێت دەیكەین بۆ گەڕانەوەی.
– مێسی هێشتا ژمارە 1ـی جیهانە، ئێمە زۆر پێوویستمان پێیەتی، لە روانگەی تۆپی پێوە گەڕانەوەی زۆر گەورە دەبێت.
– هێشتا رێگای گەڕانەوەی مێسی زۆر دوورە، هەر شتێكی تر لەو بارەیەوە بوترێت راست نیە.
– كێشەی بارسێلۆنا موچەی یاریزانەكانیەتی، گەڕاندنەوەی مێسی هیوای یانەكەیە.
– راوێژكاری تیباس و لالیگا تەنیا پەیوەندی بە مێسیەوە نیە، بەڵكو هەموو ئەو پڕۆسانەی دەمانەوێت بیكەین پەیوەستە بەو هەڵوێستەی تیباس و لالیگا دەیگرنە بەر.
– سەرەڕای ئەو بەربەستانە، یانەكە پێی وایە كە دەتوانن ركابەری بكەن بۆ هێنانەوەی لیۆنێل مێسی.
– مێسی ئۆفەرێكی لە یانەی هیلالەوە پێگەیشتووە بە موچەی ساڵانەی 436 ملیۆن دۆلار، بەڵام خواستی یاریزانەكە مانەوەیە لە ئەوروپا.
– بارسێلۆنا تا ئێستا هیچ ئۆفەرێكیان پێشكەش نەكردووە بەڵام دەستمان كردووە بە ئامادەكاری بۆ ناردنی ئۆفەرێك.