لیڤەرپوول ئەستێرەیەكی ریال مەدریدی دەوێت
یاریگا –
یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەیەوێت لە گواستنەوەكانی هاوینی داهاتوودا ئۆرێلیەن چوامینی ئەستێرەی هێڵی ناوەندی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بگوازێتەوە ریزەكانی.
لە گواستنەوەكانی هاوینی رابردوودا چوامینی لە ریزەكانی مۆناكۆی فەڕەنسیەوە پەیوەندی كرد بە یانەی ریال مەدریدەوە بە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ دوای ئەوەی سەركەوتوو نەبوون لە بەدەستهێنانی تواناكانی كیلیان ئێمباپێ.
بە گوێرەی زانیاریەكانی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لیڤەرپوول دووبارە هەوڵ دەدات لە گواستنەوەكانی هاوینەدا تواناكانی یاریزانەكە بەدەستبهێنێت.
یۆرگن كلۆپ، راهێنەری ئەڵمانی یانە ئینگلیزیەكە دەیەوێت هێڵی ناوەندی یانەكەی بەهێز بكات، بە تایبەت لە دوای ئەو ئاستە خراپەی لەم وەرزەدا لە سەرجەم پاڵەوانیەتیەكان پێشكەشیان كرد.
ئیدارەی رێدز یاریزانە فەڕەنسیەكەیان لە لیستی سەرەوەی ئەو ناوانە داناوە كە دەیانەوێت لە گواستنەوەكانی هاوینی داهاتوودا هەوڵی بەدەستهێنانی بدەن.
یانە ئینگلیزیەكە ئامادەیە بڕی 70 ملیۆن پاوەند بدات لە پێناو رازیكردنی یانە شاهانەكە تا دەستبەرداری تواناكانی چوامینی ببێت.
لەم وەرزەی لالیگادا چوامینی بەشداری لە 23 یاری كردووە و هیچ گۆڵێكی نەكردووە و سێ گۆڵی درووست كردووە.