لاپۆرتا و باوکی مێسی کۆبوونەتەوە
یاریگا –
سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا خوان لاپۆرتا لەگەڵ باوکی لیۆنێل مێسی کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.
رۆژنامەی لا کادیناسێر بڵاویکردووەتەوە، کە خوان لاپۆرتا لەگەڵ باوکی مێسی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ناکرێت مێسی لە تەمەنی 35 ساڵی ئەوروپا جێبهێڵێت.
لەگەڵ تێپەڕینی هەر خولەکێک مێسی زیاتر نزیکدەبێتەوە لە جێهێشتنی پاریس کە لەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە کۆتایی دێت، دەتوانێت بەشێوەیەکی ئازاد یانەیەکی نوێ هەڵبژێرێت.
بەپێی کادیناسێر چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لاپۆرتا و خۆرخی مێسی کۆبوونەوەیەکی 40 خولەکییان ئەنجامداوە، هەرچەندە لاپۆرتا بە ڕوونی باسی لە گەڕانەوەی لیۆ نەکردووە.
بەڵام بە باوکی مێسی گوتووە نابێت لەو تەمەنە کوڕەکەی بچێتە دەرەوەی ئەوروپا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بارسا بەمزوانە یەکەم ئۆفەری خۆی بۆ گەڕاندنەوەی مێسی پێشکەش بکات.
یانە کەتەلۆنییەکە لەلای خۆیەوە ئارەزوو دەکات جارێکی تر ئەفسانەکەی بگەڕێنێتەوە، لە کۆتایی مانگی ئازار رافایل یوستێ جێگری سەرۆکی یانەکە لە لێدوانێکیدا گوتی:
حەزدەکەم مێسی بگەڕێتەوە، دڵنیام هەموو هاندەرانیشمان حەز بەوە دەکەن، شایەنی ئەوەیە کۆتاییەکی باشمان بەیەکەوە هەبێت، بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵی.
رافایل تاکە کەسی ناو یانەکە نییە باس لە گەڕانەوەی مێسی بکات، لە چەند رۆژی رابردوو ماتیۆ ئالمانی بەڕێوبەری وەرزشی یانەکە لە لێدوانێکیدا گوتی:
مێسی باشترین یاریزانی مێژووە، لە ماڵەکەمان رێزێکی زۆری لێدەگرین، ئەوەی لەسەرمانە دەیکەین، مێسیش ئەوەی لەسەریەتی دەیکات، بەڵام نازانین لە داهاتوو چی روودەدات.
هاوکات سەرجەم ئەم لێدوانانە و جوڵەکانی یانە کەتەلۆنییەکە ئاماژەن بۆ گەڕانەوەی ئەفسانەکەی ئەرجەنتین بۆ یاریگای کامپ نو لەم هاوینەدا.