میلان دەیەوێت دیاز بهێڵێتەوە
یاریگا –
ئارسیناڵ ئۆفەرێکی گونجاو بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی براهیم دیاز ئامادە دەکات.
دیاز بە خواستن ئەم وەرزە یاری بۆ میلان دەکات و خۆی یاریزانی ریال مەدریدە.
کارلۆ پێلێگاتی، رۆژنامەنووسی ئیتاڵی بە کالچیۆ مێرکاتۆی راگەیاندووە، دەستەی کارگێڕی میلان دەیەوێت پارێزگاری لە مانەوەی دیاز بکات، بەڵام لە رێککەوتنیان لەگەڵ ریال مەدرید، باسی گواستنەوەی هەمیشەیی دیاز نەکراوە، بۆیە ئەگەر میلان چاوی لە هێشتنەوەی دیازە، دەبێ سەر لە نوێ گفتوگۆکان لەگەڵ ریال مەدرید دەستپێبکەن.
میلان هەوڵەکانی لەگەڵ ریال مەدرید دەستپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نییە.
رۆژنامەنووسەکە دووپاتیدەکاتەوە، میکێل ئارتێتا، سەرسامە بە تواناکانی دیاز و دەیەوێت بیگوازێتەوە قەڵای ئیمارات.
گەنەرز ئامادەنابێت، زیاتر لە 30 ملیۆن یۆرۆ لە پێناو بەدەستهێنانی خزمەتەکانی دیاز خەرج بکات، بەڵام میلان بە ئاسانی لە کێبڕکێییەکە ناچێتە دەرەوە.
دیاز لەم وەرزەدا لە کۆی 33 یاریدا، شەش گۆڵی کردووە و سێ گۆڵیشی دروستکردووە.