دوو کۆبوونەوە چارەنووسی مێسی یەکلایی دەکەنەوە
یاریگا –
لیۆنێل مێسی، هێرشبەری پاریس سانجێرمان بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بێ دەنگی هەڵبژاردووە.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرای کردووە، چەندین هۆکار هەن، وایان لە مێسی کردووە، بێ دەنگ بێت و چاوەڕێی هەنگاوە کردەییەکانی بارسێلۆنا بکات.
تاوەکو ئێستا لیۆنێل مێسی، گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێ نەکردووەتەوە، ئەمەش رێخۆشکەرە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ یانەی دیکە بکات.
رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، دوو کۆبوونەوە دەکرێن و تیایدا چارەنووسی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا یەکلایی دەکرێتەوە.
راپۆرتی رۆژنامەکە باس لەوە دەکات
مێسی تاوەکو رووناکی سەوزی کۆمەڵەی لالیگا بەدەست نەهێنێت، بڕیاری گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا نادات، لیۆ دەیەوێت تەواو لە بێ کێشەیی گەڕانەوەی دڵنیابێتەوە، ئەوسا بڕیاری کۆتایی دەدات. خوان لاپۆرتا سەرەتا لەگەڵ دەستەی لالیگا کۆدەبێتەوە و لە نزیکەوە دڵنیاییان لێ وەردەگرێت، بۆ ئەوەی هەڵەی رۆیشتنی مێسی دووبارە نەکەنەوە.
لە دوای کۆبوونەوەی لاپۆرتا لەگەڵ دەستەی لالیگا ئەوسا لەگەڵ مێسی کۆدەبێتەوە، بەمەبەستی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان و باسکردنی چۆنیەتی گەڕانەوەی بۆ کامپ نوو.
رۆژنامەکە موندۆ روونیکردووەتەوە، مێسی چاوەڕێی هەنگاوێکی خوان لاپۆرتایە، بۆ ئەوەی گفتوگۆکان دەست پێبکەن، ئەمە لە کاتێکدایە، چاڤی لە پەیوەندی بەردەوام دایە لەگەڵ لیۆنێل مێسی.
لیۆنێل مێسی کاروانی وەرزشی لە ساڵی 2005 لەگەڵ بارسێلۆنا دەستپێکرد و لە هاوینی ساڵی 2021 لە گواستنەوەیەکی ئازاد دا پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد.
مێسی 778 یاری لەگەڵ بارسێلۆنا کردووە و بە تۆمارکردنی 672 گۆڵ، پێشەنگی گۆڵکارانی مێژوویی یانە کاتالۆنییەکەی گرتووە.