سێ یانەی زلهێزی ئینگلتەرا ماك ئالیستەر ـیان دەوێت
یاریگا –
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشكرایانكرد یانە گەورەكانی ئینگلتەرا لە هەوڵی بەدەستهێنانی تواناكانی ئەلێكسیس ماك ئالیستەر ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی برایتۆنی ئینگلیزی دەدەن.
ماك ئالیستەر توانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ببێتە پاڵەوانی جامی جیهانی 2022ی قەتەڕ و بۆ جاری سێیەم لە مێژوودا نازناوەكەیان بۆ تانگۆ بردەوە.
تۆڕی TYC ـی ئەرجەنتینی ئاشكرایكرد مانچێستەر یونایتد گرنگیەكی تەواو بە گواستنەوەی ماك ئالیستەر دەدات و هەروەها هەریەك لە یانەكانی ئارسیناڵ و لیڤەرپوول لە هەوڵی بەدەستهێنانی تواناكانی ناوەڕاستكارەكەی برایتۆن دان.
راپۆرتە رۆژنامەوانیەكانی ئینگلتەرا ئاشكرایانكرد برایتۆن نرخی ئەستێرەكەی بە 61 ملیۆن پاوەند دەستنیشانكردووە بۆ ئەو یانەیەی دەیەوێت بیگوازێتەوە.
ماك ئالیستەر لە ساڵی 2019 لە ریزەكانی ئەرجێنتینیۆس جۆنیۆر پەیوەندی بە برایتۆنەوە كرد بە بری 7 ملیۆن پاوەند.
ناوەڕاستكارەكەی برایتۆن و پاڵەوانی مۆندیال لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەكەی بەشداری لە 24 یاری پرێمەرلیگ كردووە و توانیویەتی 8 گۆڵ تۆمار بكات و یەك گۆڵیشی درووست كردووە.