ریال مەدرید واز لە بێڵینگهام دەهێنێت؟
یاریگا –
ریال مەدرید چیدیکە گرنگی بە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ جود بێڵینگهام نادات.
رۆژنامەی ریلیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید لە کێبڕکێی واژۆکردنی گرێبەستێک لەگەڵ جود بێڵینگهام، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی بۆڕووسیا دۆرتموند کشاوەتەوە، بەڵکو لە کاری لە پێشینەی نەهێشتووە.
لە راپۆرتی رۆژنامەکەدا هاتووە، ریال مەدرید نایەوێت پارەیەکی زۆر لە هاوینی داهاتوودا خەرج بکات، چونکە خەرجی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکەی زۆرە، گواستنەوەی بێڵینگهامیش لە 100 ملیۆن یۆرۆ کەمتر نابێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر گەنجینەی یانەکە دروست دەکات.
هەرچەندە ریال مەدرید دەتوانێت ئەم هەنگاوە بنێت و بە جۆرێکی دیکە گەنجینەکەی پڕبکاتەوە، بەڵام لۆس بلانکۆس نایەوێت هیچ هەنگاوێکی هەڵە بنێت، چونکە ئەزموونێکی ناخۆشی لەگەڵ یاریزانانی ئینگلیزی هەیە، کە نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ شێوازی یاری ریال مەدرید بگونجێنن.
یانەکانی لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی لە نزیکەوە چاودێری بێڵینگهام دەکەن و بوونەتە رکابەری سەرەکی مەدرید.
ریال مەدرید چاوەڕێی تەواوبوونی یارییەکانی ئەم وەرزە دەکات، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر ستراتیجییەتی یانەکە بۆ وەرزی داهاتوو بدات.