یاریگا –
راپۆرتە رۆژنامەوانیەكانی ئیسپانیا ئاشكرایانكرد یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی كار دەكات بۆ چەسپاندنی پڕۆژەی نوێی یانەكەی لە ژێر سەركردایەتی چاڤی هێرناندێزی راهێنەر و بە گەڕاندنەوەی ئەفسانەی پێشوویان لیۆنێل مێسی.
گرێبەستەكەی مێسی لەگەڵ پاریس سان جێرمان لە هاوینی ساڵی داهاتوودا بەسەردەچێت و تا ئێستاش بڕیاری لەسەر داهاتووی خۆی نەداوە.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەی سپۆرت ـی كەتەلۆنی بارسێلۆنا لە چەند رۆژی داهاتوودا كار لەسەر گەڕاندنەوەی ئەستێرە ئەرجەنتینیەكەی دەكات، بەمەبەستی بەهێزكردنی ریزەكانی و پێكهێنانی پڕۆژەیەكی نوێ كە هیوادارە لە ژێر سەركردایەتی چاڤی هێرناندێز بنیاتی بنێت.
رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكرا كرد پڕۆژە نوێیەكەی بارسێلۆنا گواستنەوەی بێرناردۆ سێلڤا ئەستێرەی مانچێستەر سیتیش لە خۆ دەگرێت.
رۆژنامە ئیسپانیەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستادا یانە كەتەلۆنییەكە كار لەسەر پێشكەشكردنی پلانێكی گونجاو بۆ كۆمەڵەی خولی ئیسپانیا دەكات بەمەبەستی كەمكردنەوەی موچەی یاریزانەكانی و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی یانەكەی تا بتوانن گرێبەستی گەورە ئەنجام بدەن.
سپۆرت ئەوەشی راگەیاندووە، ئەگەر بارسا رەزامەندی لە خولەكە وەربگرێت ئەوا پەلە دەكات لە گواستنەوەی مێسی و بێرناردۆ سێلڤا تا كۆیانبكاتەوە و ریزەكانی یانەكەی پتەوتر بكات تا بتوانێت جارێكی دیكە ركابەری نازناوە ئەوروپیەكان بكات.
بارسێلۆنا لەم وەرزەدا لە پاڵەوانیەتییە ئەوروپیەكان كراوەتە دەرەوە و لە خولی ئیسپانیاش لە پلەی یەكەم دێت بە كۆكردنەوەی 71 خاڵ و بە جیاوازی 12 خاڵ لە پێش ریال مەدریدی دووەمەوەیە.