ئەگەری لە دەستدانی باستۆنی ئینتەر دەترسێنێت
یاریگا –
ئینتەر میلان هەوڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی باستۆنی دەدات، مانچێستەر سیتیش چاوی لە یاریزانەکەیە.
پێگەی کالچیۆ مێرکاتۆ بڵاویکردووەتەوە، کە یانەی ئینتەر میلان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ بەرگریکاری یانەکەی ئالێساندرۆ باستۆنی بە مەبەستی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
گرێبەستەکەی باستۆنی لە ساڵی 2024 لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە کۆتایی دێت، ئینتەر نایەوێت تووشی هەمان بارودۆخی سکرینیار ببێت لەگەڵیدا، بۆیە بەچڕی هەوڵی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەدات.
یاریزانە تەمەن 23 ساڵانییەکەی شەیدای یانەکەیەتی و نایەوێت بڕوات، بەڵام گرفتی مووچەی لەگەڵ یانەکەی هەیە، کە ئێستا بڕی 2.5 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانە وەردەگرێت.
خواستی یاریزانەکە ئەوەیە مووچەکەی بۆ بکرێت بە 6 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا، لەگەڵ وەرگرتنی پاداش، بەپێی پێگە ئیتاڵییەکەش ئینتەر بە داواکانی رازی دەبێت لە ترسی یانە زلهێزەکانی پرێمەرلیگ.
بەپێی هەمان هەواڵ مانچێستەر سیتی ئینگلیزی چاودێری دۆخی باستۆنی دەکات، خواستێکی زۆری هەیە لەم هاوینە ناوبراو بگوازێتەوە ریزەکانی.