یاریگا –
راپۆرتە رۆژنامەوانیەكانی فەڕەنسا ئاشكرایانكرد لیۆنێل مێسی ئەفسانەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی پاریس سان جێرمان هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەی ئاشكرا كردووە.
گرێبەستەكەی مێسی لەگەڵ پاریس سان جێرمان لە هاوینی ئەمساڵدا بەسەردەچێت و تا ئێستاش بڕیاری لەسەر داهاتووی خۆی نەداوە.
رۆژنامەی لیكیپ ـی فەڕەنسی لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكردووە مێسی و پاریس نزیكن لەوەی لە یەك جیا ببنەوە و دیار نیە كە ئایا وەرزی داهاتوو لیۆ لە پارك دی فرانس بەردەوام دەبێت یان نا.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە تەنیا رێگایەك هەیە كە رەنگە لیۆ لە پاریس بهێڵێتەوە ئەویش ئەوەیە كە موچەكەی بە رێژەیەكی بەرچاو كەم بكاتەوە و مێسی ئامادە نیە ئەو كارە بكات.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشكردووە لە مانگی نۆڤەمبەری رابردوودا و پێش یارییەكانی جامی جیهانی خۆرخی مێسی باوك و بریكاری كارەكانی لیۆنێل مێسی و پاریس سان جێرمان گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر ئەوەی بۆ وەرزێكی دیكە لە یانەكە بەردەوام بێت، بەڵام لەو كاتەدا هەردوولا لەسەر موچەی ساڵانە و ماوەی گرێبەستەكە رێكنەكەوتوون.
لە راپۆرتەكەشدا هاتووە، بارسێلۆنا لە هەفتەكانی رابردوودا گەشبینە بە گەڕاندنەوەی ئەفسانەی یانەكەی و یاریزانەكە ئەوەندەی لە بارسێلۆنا ئاسودە بووە هەرگیز لە پاریس ئاسودە نەبووە، یانە كەتەلۆنییەكە لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەوڵی تەواوی خۆی دەدات.
مێسی لەم وەرزەدا لە خولی فەڕەنسی بەشداری لە 24 یاری كردووە و توانیویەتی 13 گۆڵ بكات و 13 گۆلیش دروست بكات.