بارسێلۆنا چوار ئەرکی بۆ گەڕاندنەوەی مێسی لەسەرە
یاریگا –
بارسێلۆنا خەونی گەورە بە گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی دەبینێت، بەڵام چەند ئەرکێک بۆ بەدیهێنانی خەونەکە هەیە و دەبێ جێبەجێ بکرێت.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ روونیکردووەتەوە، پێویستە بارسێلۆنا چوار کار بکات، بۆ ئەوەی خەونی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بکاتە راستی.
رۆژنامەکە چوار خاڵەکەی بەڕوونی باس کردووە:
1. ناردنی ئۆفەرێکی باش
پێویستە بارسێلۆنا ئۆفەرێکی ئابووری و وەرزشی باش پێشکەشی مێسی بکات، هاوشێوەی ئەو ئۆفەرەی ئێستا لە پاریس بۆی ئامادە کراوە.
مێسی ئاگاداری کێشە داراییەکانی بارسێلۆنایە و رەنگە زۆر کێشە لەم بابەتە دروست نەکات، بەڵام پێویستە بارسا بزانێت چ جۆرە ئۆفەرێک پێشکەش دەکات.
رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا دەیەوێت مووچەیەکی کەمتر لەوەی پاریس بە مێسی بدات، بەڵام پشکی بازرگانی لە فرۆشتنی درێس و بلیتەکان بە مێسی دەدەن.
2. پەیوەندییەکی لاپۆرتا
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا پێویستی بە پەیوەندیکردنە بە لیۆنێل مێسی بۆ ئەوەی داوای کۆبوونەوەی لەگەڵدا بکات، لەگەڵی دابنیشێت و وردەکارییەکانی رووداوەکانی 2021ی بۆ شیبکاتەوە.
مێسی لە 5ی ئۆگەستی ساڵی 2021 بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی گەڕایەوە بارسا، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک، خۆی لە دەرەوەی یانەکە بینییەوە.
3. شیکردنەوەی تەواو بە لالیگا بدرێت
لیۆ مێسی و خۆرخێی باوکی، پێویستە تەواوی وردەکارییەکان لەگەڵ دەستەی لالیگا باس بکەن، بۆ ئەوەی خۆیان لە سزای یاری خاوێن بپارێزن، چونکە دەبێ بارسێلۆنا مووچەی یاریزانەکانی لە 600 ملیۆن یۆرۆیەوە بۆ 400 ملیۆن یۆرۆ کەم بکاتەوە.
ئەمەش ئاڵنگارییەکی گەورەی بەردەم بارسێلۆنا و پێویستە مێسی ئەم بابەتە لەگەڵ دەستەی لالیگا یەکلایی بکاتەوە.
4. نهێنی پارێز
بارسێلۆنا دەیەوێت بابەتی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بە نهێنی بمێنێتەوە، بە هیچ شێوەیەک نایەوێت لە میدیاکان باس لە گەڕانەوەی مێسی، یاخود دەستپێکردنی گفتوگۆکان بکات.
مێسی سێ مانگی لە پاریس ماوە و لانی کەم چوار یاری لە یاریگای پارک دی پرێنس دەکات، ئێستا هاندەران فیکەی بەردەوام بۆ مێسی لێدەدەن، ئەمەش نیگەرانی لای پاڵەوانی جیهان دروستکردووە.
گرێبەستی لیۆنێل مێسی دوای دوو مانگی دیکە بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا چارەنووسی لەگەڵ یانە پاریسییەکە یەکلایی نەبووەتەوە.
مێسی لە ساڵی 2021 لە دوای شکستهێنانی بارسا لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، مێسی پەیوەندی بە پاریسەوە کرد.