ئه‌ڵمانیائه‌وروپائیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ئەو پێنج یاریزانەی بارسێلۆنا دەتوانێت بە گرێبەستی ئازاد بیانگوازێتەوە

Yariga App

یاریگا –

ئەو پێنج یاریزانەی بارسێلۆنا دەتوانێت لەم هاوینەدا بە گرێبەستی ئازاد بیانگوازێتەوە یانەکەی.

بەهۆی گرفتە داراییەکانی یانەکە، بارسا نیازی وایە لەم هاوینە لەپاڵ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی، پێکهاتەی تیپەکەیشی تۆکمەتر بکات لە رێگەی گواستنەوەی چەند یاریزانێک، کە لەم هاوینە گرێبەستیان لەگەڵ یانەکانیان کۆتایی دێت.

لەم راپۆرتە تیشک دەخەینە سەر ناوی ئەو پێنج یاریزانەی، کە ناویان بە یانە کەتەلۆنییەکەوە بەستراوەتەوە و ئەگەری هەیە لە وەرزی داهاتوو بەشێکیان لە کامپ نو ببینین.

لیۆنێل مێسی

نزیکەی دوو ساڵ بەسەر رۆیشتنی مێسی بۆ پاریس سانجێرمان تێدەپەڕێت، لەم هاوینە گرێبەستەکەی لیۆ لەگەڵ یانە فەڕەنسییەکە کۆتایی دێت، لە چەند رۆژی رابردوویشدا ئەگەری گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ بارسا زیادیکردووە.

جیا لە یانەی پێشووی خۆی، هەریەکە لە یانەکانی ئینتەر میامی ئەمریکی و هیلالی سعودیش گرینگی بە مێسی دەدەن، یاریزانەکە دەیەوێت پڕۆژەی بارسێلۆنا بزانێت پاشان بڕیاری کۆتایی بدات، بۆیە بارسا دەکەوێتە کێبڕکێیەکی توند لەگەڵ دوو یانەی دەوڵەمەند.

گەڕانەوەی مێسی خزمەتێکی گەورە بە پێکهاتەکەی چاڤی هێرناندێز دەکات، لەگەڵ لیڤاندۆڤسکی دەتوانن یەکێک لە بەهێزترین هێڵە هێرشبەرییەکان لەسەر ئاستی ئەوروپا بنیاد بنێن.


ئینیگۆ مارتینێز

بەرگریکارە باسکییەکە چەند ساڵێکە وەک دیوارێکی پۆڵایین لە هێڵی بەرگری ئەتلەتیک بلباو یاری دەکات، لە لێدانی سەر کارامەیە، توانای سەرکردایەتی کردنی هەیە، بۆیە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی بارسا لەم هاوینەدا.

ئینیگۆ لەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ بلباو کۆتایی دێت، بە پێچەوانەی یاریزانەکانی دیکەی ئەم لیستە بارسێلۆنا لەگەڵیدا زۆر بەرەوپێش چووە، بەپێی دوایین هەواڵەکان گەیشتوونەتە رێکەوتنی کۆتایی، ناوبراو لە سێ وەرزی داهاتوودا درێسی بارسا دەپۆشێت.


ئیلکای گوندۆگان

یاریزانە ئەڵمانییەکە کاروانێکی وەرزشی ناوازەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بەسەر بردووە، توانای تەکتیکی، دیدگا و رێژەی گۆڵ و ئەسیستەکانی وا دەکات شێوازی یاریکردنی لەگەڵ بارسێلۆنا بگونجێت، بەهۆی هەبوونی ئەزمونێکی زۆر دەتوانێت سود بە پێدری و گاڤیش بگەیەنێت.

بارسێلۆنا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ مامی یاریزانەکە هەیە، خودی خۆیشی ئارەزوو دەکات یاری بۆ یانە ئیسپانییەکە بکات، ئەمەش ئەگەری روودانی ئەم گرێبەستە زیاد دەکات.

مارکوس توڕام

رەنگە یاریزانە فەڕەنسییەکە وەک ئامانجێکی سەرەکی بارسا دەرنەکەوێت، بەڵام ناوی پەیوەست کراوە بە یانەکە، بەهۆی ئەوەی لەم وەرزە لەگەڵ مۆنشنگلادباخ ئاستێکی ناوازەی پێشکەش کردووە.

توڕام خاوەن توانایەکی باشی گۆڵکردنە، لەم وەرزە 15 گۆڵی بۆ یانەکەی کردووە، خێراییە زۆرەکەیی و توانای جەستەییە بەهێزەکەی هاوکارییەکی گەورەی دەکەن، بەڵام بارسا دەکەوێتە رکابەری لەگەڵ چەند یانەیەکی بەهێز، کە نزیکترینیان بایرن میونشنی ئەڵمانییە.


مارکۆ ئەسینسیۆ

بەم دواییانە پێکان گرفتی زۆری بۆ ئەسینسیۆ درووست کردووە، بەڵام توانای تەکتیکی، داهێنان و شوت و گۆڵە سەرنجڕاکێشەکانی کردوویەتی بە یاریزانێکی ناوازە، ئەزمونە زۆرەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بە ئەنجامدانی 260 یاری هێندەی تر سیڤییەکەی بەهێزکردووە.

دۆخی یاریزانەکە لەگەڵ ریال مەدرید ناروونە، دەیەوێت خولەکی زیاتر یاری بکات بەڵام یانەکەی گرێنتی ئەوە ناکات، ئەمەش بووەتە هۆی درووست بوونی ناکۆکی لە نێوانیاندا، بۆیە ئەگەری هەیە گرێبەستەکەی نوێنەکاتەوە و لە کۆتایی ئەم وەرزە مەدرید جێبهێڵێت.

بارسێلۆنا لە بابەتی گواستنەوەی یاریزانەکە لە پێشەنگدا نییە، بەڵام دەیەوێت پەیوەندییە باشەکەی نێوانی لەگەڵ گاڤی و پێدری بقۆزێتەوە و لە ڕێگەی ئەو دوو یاریزانەوە بە پلانێکی تۆکمە پەلکێشی یانەکەی بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button