یاریگا
سیمۆنێ ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵیا لەوانەیە بەهۆی ئەنجامە لاوازەکانی ئەم وەرزە لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە و چوار راهێنەر وەکو شوێنگرەوەی پاڵێوراون.
رۆژنامەی لاگازێتا دلۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، بەشێک لە ئەندامانی دەستەی کارگێری نێرازۆری لە ئەنجامەکانی ئەم دواییەی یانەکەیان رازی نین، بۆیە چاوەڕی یاریی قۆناغی پێشکۆتایی جامی ئیتاڵیا بەرامبەر یوڤێنتوس دەکەنەوە و لە ئەگەری دۆڕان لەو یارییە، ئەو کات راهێنەرەکەیان دوور دەخەنەوە.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە هەر یەکە لە دیێگۆ سیمیۆنێ راهێنەری ئەرجەنتینی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید ئیسپانیا و رۆبێرتۆ دێزێربی راهێنەری یانەی برایتۆنی ئینگلیزی و تیاگۆ مۆتا راهێنەری یانەی بۆلۆنیا و هەروەها ئانتۆنیۆ کۆنتی پاڵێوراون بۆ پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی شاری میلانۆ.
ئینتەر میلان لە دوو یاریی رابردووی لە سێریائەی نەیتوانیوە هیچ خاڵێک بەدەست بێنێت و لە هەردوو یاریی دۆڕاوە، هەر ئەمەش وایکردووە بەرپرسانی یانەکە بیر لە گۆڕینی راهێنەرەکەیان بکەن.