یاریگا –
ڤینیسیۆس جونیۆر ئامادە نییە، درێسی ژمارە 7ی ریال مەدرید بپۆشێت.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، ڤینیسیۆس نایەوێت بۆ وەرزی داهاتوو، ژمارەی درێسەکەی بگۆڕێت، بە تایبەت نایەوێت درێسی ژمارەی 7 بپۆشێت، ئەمەش دوای پشتڕاستکردنەوەی چوونە دەرەوەی ئیدێن هازارد لە یانەکە.
رۆژنامەکە لە سەرچاوەیەکی نزیک لە ڤینیسیۆس بڵاویکردووەتەوە، ڤینی نایەوێت درێسی ژمارە 7 بپۆشێت، چونکە بەرپرسیارەتییەکی زۆری دەکەوێتە سەر و ئەمەش فشارێکی زیاتر لەسەر ڤینیسیۆس دروست دەکات.
ڤینیسیۆس پێی وایە، یاریزانی گەورە یارییان بەو درێسە کردووە و ڤینیسیۆس ئامادەنییە ئەو بەرپرسیارەتییە لە ئەستۆ بگرێت.
ڤینیسیۆس دەیەوێت بۆ وەرزی داهاتوو درێسی ژمارە 11 بپۆشێت، کە ئێستا مارکۆ ئاسێنیسۆ دەیپۆشێت و بە ئەگەرێکی زۆر، لە هاوینی داهاتوو ریزەکانی لۆس بلانکۆس جێدەهێڵێت.