یانەیەکی پرێمەرلیگ بۆ رافینیا هاتووەتە پێش
یاریگا –
ئارسیناڵ بیر لە گواستنەوەی رافینا، ئەستێرەی بارسێلۆنا دەکاتەوە.
فووتبۆڵ ئینسایدەر بڵاویکردووەتەوە، ئارسیناڵ دەیەوێت تیمێکی بەهێز بۆ وەرزی داهاتوو ئامادە بکات. میکێل ئارتێتا، راهێنەری گەنەرز لە ئێستاوە ئامانجەکانی دیاریکردووە و دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ رافینیا واژۆ بکات.
بارسێلۆنا کێشەی دارایی قووڵی هەیە، پێویستە گۆڕانکاری گەورە لە مووچەی یاریزانانیدا بکات، تاوەکو بتوانێت تەرازووی خەرجییەکانی باڵانس بکاتەوە، یەکێک لە چارەسەرەکان، رێگەدانە بە چوونەدەرەوەی یاریزانەکان، بۆ ئەوەی سنووری مووچەکان کەمبکاتەوە.
لە هاوینی رابردوودا، ئارسیناڵ گرنگی بە رافینیا دابوو، ئەوکاتە یاریزانی لیدز یونایتد بوو، بەڵام لە کۆتاییدا بارسێلۆنا زووتر جموجۆڵی کرد و یاریزانە بەرازیلییەکەی گواستەوە.
بارسێلۆنا بە بڕی 55 ملیۆن پاوەند گرێبەستی لەگەڵ رافینیا کرد، بەگوێرەی زانیارییەکان، بارسا ئامادەنییە کەمتر لەو پارەیە دەستبەرداری رافینیا ببێت.
رافینیا لە کۆی 38 یاری لەگەڵ بارسێلۆنا، 9 گۆڵ و 9 ئەسیستی هەیە.