ئێمباپێ پەیامێکی بۆ ریال مەدرید ناردووە

یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ، ئامادەیە پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات و ئەم پەیامەی بۆ بەرپرسانی مەدرید ناردووە.
رۆژنامەی AS بڵاویکردووەتەوە، یاریزانی تەمەن 24 ساڵان ئامادەیە بۆ لۆس بلانکۆس یاری بکات، بەڵام پڕۆسەی گواستنەوەکەی لە ساڵی 2024 دەبێت، چونکە پاریس سانجێرمان ئامادەنییە لە هاوینی داهاتوودا، دەستبەردای ئێمباپێ ببێت.
ئێمباپێ پەیامێکی بۆ مەدرید ناردووە و ئامادەیی خۆی بۆ یاریکردن بۆ یانە شاهانەکە دەربڕیوە، بەڵام بەهۆی پابەندبوون بە گرێبەستەکەییەوە، ناتوانێت تا هاوینی ساڵی 2024 پاریس جێبهێڵێت.
گرێبەستی ئێمباپێ و پاریس تاوەکو 2025 واژۆ کراوە، بەڵام مەرجێک لە گرێبەستەکەدا هەیە، ئەگەر پاریس نەتوانێت نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت، ئەوا ئێمباپێ دەتوانێت لە هاوینی 2024 سانجێرمان جێبهێڵێت.
لە هاوینی رابردوودا، تەنانەت سەرۆکی فەرەنسا بۆ مانەوەی ئێمباپێ هاتەسەر هێڵ و داوای لێکرد، گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، بەڵام ئەمجارە پێناچێت هیچ رێگرییەک لە گواستنەوەی ئێمباپێ هەبێت، چونکە خەونی منداڵییەتی درێسی مەدرید بپۆشێت.
هەڵوێستی ریال مەدرید
ریال مەدرید ئامادەنییە هیچ هەنگاوێک بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ بنێتەوە، چونکە لە وەرزی رابردوو هەموو هەوڵێکی بۆ گواستنەوەی کیلیاندا و رێککەوتنێکی سەرەتایی لە نێوانیاندا هەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس نوێکردەوە.
رۆژنامەی AS دەڵێت، رێککەوتنی دارایی ئەمجارەیان لەگەڵ ئێمباپێ، هەمان رێککەوتنی ساڵی رابردوو دەبێت، چونکە پێشبینی ناکرێت، ئێمباپێ لە شایستە داراییەکانی کەمبکاتەوە.