راشفۆرد هەواڵێک لەسەر مووچەکەی بەدرۆ دەخاتەوە

مارکوس راشفۆرد ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە گووایە داوای نیو ملیۆن پاوەندی هەفتانەی کردووە تاوەکو لە مانچێستەر یونایتد بمێنێتەوە (٢٤ ملیۆن پاوەندی ساڵانە).
راشفۆرد لەم وەرزەدا ئەستێرەی یەکەمی یونایتدە و یەکێکە لە باشترینەکانی پریمەرلیگ، لە ئێستادا تەنها یەک وەرز لە گرێبەستەکەی ماوە لەگەڵ شەیتانە سوورەکان.
رۆژنامەکانی بەریتانیا هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە راشفۆرد بەهۆی ئاستە بەرزەکەی ئەم دواییەی داوای ٥٠٠ هەزار پاوەندی هەفتانە دەکات، بەڵام ناوبراو لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە “بەر لەوەی لەوە زیاتر بڵاوببێتەوە، ئەو هەواڵانە هەمووی بێ بنەمان، من و یانەکەش رێزێکی زۆری یەکتر دەگرین و هەر بەو جۆرە دەمێنێتەوە. سەرنجم تەنها لەسەر ئەوەیە بە باشترین شێوە ئەم وەرزە بەکۆتا بهێنین.
ناوبراو لەم وەرزەی پریمەرلیگ خاوەنی ١٤ گۆڵ و ٣ ئەسیستە لە پاڵ شەش گۆڵ و ئەسیستێک لە یۆرۆلیگ.