یاریگا
ئەندرێس ئینێستا، ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئێستای یانەی ڤیسیل كۆبی یابانی باس لە دەنگۆی كڕینی ناوبژیوانان دەكات لەلایەن بارسێلۆناوە دوای سەرهەڵدانی دۆسیەی ئێنریكێز نێگرێیرا.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە رۆژنامەی سپۆرت ـی ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە ئینێستا گووتی: من بڕوای تەواوم هەیە كە كڕینی ناوبژیوانان لەلایەن بارسێلۆناوە شتێكە هەرگیز رووینەداوە، تەنیا شتێك كە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە كە لە ماوەی یاریكردنم لەو یانەیە هەستم بە هیچ شتێكی سەیر نەكردووە، پێم وانیە هیچ كەسێكیش باوەڕی بەوە هەبێت كە دەگوترێت.
دەربارەی راهێنەرایەتیكردنی چاڤی گووتی: چاڤی بە تەواوی ئامادە بوو بۆ ئەم ساتە، ئەو دەزانێت چی دەوێت و خاوەنی بیركردنەوەیەكی روونە، دەزانم چەند سەختە لە بارسێلۆنا بیت و چەند قورسە لەم ئاستە جێگیر و تەواوەدا بیت، بەڵام بێ گومان لە دوای هاتنی چاڤیەوە پێشكەوتنێكی ئاشكرا بە ئاستی بارسێلۆناوە دیارە.
سەبارەت بە بردنەوەی كلاسیكۆ لەلایەن بارسێلۆناوە ئینێستا گووتی: بردنەوەی كلاسیكۆ بەتەواوی یەكلاكەرەوە نیە، بەڵام جیاوازیەكی تا رادەیەك گەورەی بۆ بردنەوەی خولەكە درووستكرد، هیوادارم وەرزەكە بە بردنەوەی خول كۆتایی پێ بهێنین و وەرزی داهاتووش ركابەری بردنەوەی سەرجەم نازناوەكان بكەین.
بارسێلۆنا بە كۆكردنەوەی 68 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی خولی ئیسپانیا دێت و ریال مەدریدیش لە ریزبەندی دووەم دێت بە كۆكردنەوەی 56 خاڵ.
یانە كەتەلۆنییەكە بە جیاوازی 12 خاڵ لە پێش یانە شاهانەكەوە دێت و تەنیا 12 یاری ماوە بۆ كۆتایهاتنی خولەكە.