رۆناڵدۆ خەریکبوو لە ناوەڕاستی مۆندیال واز لە یاری کردن بهێنێت
یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوای ئەوەی لە یارییەکانی مۆندیالی 2022 بووە یاریزانی یەدەگ لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بیری لە وازهێنان لە یاری نێودەوڵەتی کردەوە.
رۆناڵدۆی خاوەن پێنج خەڵاتی باڵۆن دۆر، لە 20 ساڵی رابردوو، بەردەوام بەشێکی گرنگی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بووە، بەڵام لە مۆندیالی قەتەر وەک یاریزانێکی یەدەگ مامەڵەی لەگەڵدا کرا و دواتریش لەلایەن هەڵبژاردەی مەغریب دوورخرانەوە. رۆناڵدۆ 196 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال کردووە و 118 گۆڵیشی کردووە، بەڵام لەماوەی مۆندیالی رابردوودا، خەریکبوو وازهێنانی لە یاری نێودەوڵەتی رابگەیەنێت.
رۆناڵدۆ لە پرێس کۆنفرانسی پێش یارییەکەی پۆرتوگال بەرامبەر هەڵبژاردەی لیشتێنشتاین روونیکردەوە
من درۆ ناکەم، لە ژیانی خۆماندا پێویستە بە گوێرەی قەبارەی بابەتەکان، مامەڵە بکەین. زۆرمان بیر کردەوە لەگەڵ خێزانەکەم، لە کۆتاییدا گەیشتینە ئەو بڕوایەی، سەرەڕای ئاستەنگەکان، نابێ خاولییەکە فڕێ بدەین. توانیم لە گۆشەی جیاوازەوە سەیری دۆخەکە بکەم و زۆریشی لێ فێربووم.
لەبارەی گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال و دەستبەکاربوونی رۆبێرتۆ مارتینێز، رۆناڵدۆ دەڵێت
دڵخۆشم جارێکی دیکە گەڕاومەتەوە، رۆبێرتۆ مارتینێز وای پیشانداوە، پشتی بە من بەستووە. بەردەوام دەمەوێت یاری بکەم، ئەو قسەی لەگەڵ من و یاریزانانی دیکەش کردووە. بڕوام وایە دەتوانین کاری زۆر باش پێشکەشی هەڵبژاردەی نیشتیمانەکەم بکەم.
هەڵبژاردەی پۆرتوگال ئەمشەو کاتژمێر 22:45 لەمیانی یارییەکانی پاڵاوتنی یۆرۆی 2024 رووبەڕووی هەڵبژاردەی لیشتێنشتاین دەبێتەوە و رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری پۆرتوگال دووپاتیکردەوە، رۆناڵدۆ بە کاپتنی هەڵبژاردەکە دەمێنێتەوە.